ڕۆژنامەیەکی عەرەبی: ململانێی نێوان مالیکی و عەبادی حزبی دەعوەی کردووە بە دوو بەشهوه

ئاژانسەکان -KDP.info-بەپێی هەواڵیکی ڕۆژنامەی ئەلعەرەب ئەلجەدید، ناکۆکیی قووڵ لەنیوان (حەیدەر عەبادی)ی سەرۆکوەزیران و (نووری مالیکی)ی جێگری سەرۆککۆماری عێراقدا هەیە لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.
ڕۆژنامەکە لەسەر زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە هاوپەیمانیی شیعە ڕایگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی ڕابردووەوە ناکۆکیی تووند کەوتووهتە نیوان (مالیکی و عەبادی)یهوه و ئەو ناکۆکییە بووەتە هۆکارێک بۆ دابەشبوونی حزبی دەعوە به سەر دوو بەرەدا. سەرچاوەکە دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ناکۆکییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە (نووری مالیکی) ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەناوی خۆی لە کۆمسیونی هەڵبژاردنەکاندا تۆمار کردووە و خۆی وەک سەرۆکی لیستەکەش دیاری کردووە، کە ئەمەش بووەتە هۆکارێک (حەیدەر عەبادی) بیر لە لیستێکی جیا بەناوی تەحریر و ئیسلاح بکاتەوە.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدانە کە (خالد ئەلئەسەدی) گوتەبێژی ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، کە ئەوان بە هەمان ناوی (دەوڵەتی یاسا) بە چەند هەموارکردنێکی کەمەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
هەر لەمبارەیەوە (جاسم محەممەد جەعفەر) پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، کە مالیکی بە سەرۆکایەتیکردنی دەوڵەتی یاسا بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەکات، هەربۆیە (حەیدەر عەبادی) هەوڵ دەدات بە لیستێکی جیاواز بەشدار بێت.




