"توركیا بە گرینگییەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات"

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، توركیا بە گرینگییەوە سەیری كوردستان دەكات و لەو ڕوانگەیەوە دەیەوێ لە داهاتوودا پێوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا فراوانتر بكات.
(فەرحان جەوهەر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هاتنی (بینالی یڵدرم) سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ كوردستان زۆر گرینگە، چونكە ئەگەر لە ئاستی دیپلۆماسییەوە تەماشا بكرێت، هەرێمی كوردستان لە دوای جەنگی داعش بووەتە سەنتەری كۆبوونەوەی هەموو جیهان، تورکیاش بە گرینگییەوە سەیری کوردستان دەکات".
(جەوهەر) گوتیشی: "لە داهاتوویەكی نزیكدا ناوچەكە گۆڕانكاریی گرینگ بە خۆیەوە دەبینێت، سەردانی (یڵدرم) بۆ كوردستان بایەخی خۆی هەیە و دڵنیاین دەبێتە هۆی چارەكردنی كۆمەڵێك گرفت كە ئەمڕۆ عێراق و كوردستان بە دەستیەوە دەناڵێنن، بە تایبەت چارەكردنی كێشەی باشیك و شنگال كە رێككەوتنیان لەگەڵ عێراق، سەرئێشە بۆ ئێمە كەم دەكاتەوە و ئەگەر بەغدا و ئانكارا رێك بكەون، ئەوا ناوچە كوردستانییەكان ئاوەدان دەكرێنەوە و بەشێكیان ئارام دەبنەوە، چونكە پەكەكە داگیری كردوون و ناكرێت كوردستان ببێتە قوربانی".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "هیوادارین رێككەوتنی عێراق و توركیا لەسەر شنگال و باشیك جێبەجێ بكرێت".
كارزان سەباح




