٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەسرۆ: سەرۆك بارزانی رۆڵی لە هێوربوونەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و توركیادا هەبووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان ڕایدەگەیێنێت، هەرێمی كوردستان و (سەرۆك بارزانی) رۆڵیان لە هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان عێراق و توركیادا هەبووە و، هەبوونی سەقامگیریی نێوان ئەو دوو وڵاتەیش، بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرینگە.

دكتۆر (عەبدولحەكیم خەسرۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "پەیوەندیی باش لە نێوان عێراق و توركیادا بۆ هەرێمی كوردستان گرینگە، ئەو پەیوەندییە لە بواری سیاسییەوە بێت یاخود ئابووری، بەردەوام هەرێمی كوردستان لەسەر ئەوە كاری كردووە پەیوەندیی نێوان عێراق و توركیا بەرەو باشی بچێت، هەتا پێشتر لە سەردانی (سەرۆك بارزانی)ـدا بۆ وڵاتی توركیا، یەك لەو مەلەفانەی باسی لێوە كرد پرسی ئاڵۆزیی پەیوەندیی نێوان بەغدا و ئانكارا بووە، كە نەگاتە رادەی ئاڵۆزی و دیپلۆماسییەتێك هەبێت لە نێوانیاندا لەو ڕووەوە، هەرێمی كوردستان پێویستە هەبوونی خۆی بسەلمێنێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بەوەی هەرێم رۆڵی هەبێت لە سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكەدا و نەبێتە هۆی مەترسی لە ڕووی ئەمنییەوە، هەر ئەوەیش جەوهەری ستراتیژییەتی هەرێمی كوردستانە، لە هەمان كاتیشدا جەوهەری ستراتیژییەتی (سەرۆك بارزانی)ـیە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە بكەن، تا بە ئاشتی لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە بژین".

ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "نەك بارودۆخی ئێمە وەك كورد، بەڵكوو بارودۆخی توركیا و عەرەب و فارس لە هەموویان تێك دەچێت، پێویستە لەسەر چوارچێوەیەكی ئەمنی بێت، تەوەری ئابووری و سیاسی روئیای سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیش ئەوەیە هەمان ستراتیژییەت لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە جێبەجێ بكرێت، مەلەفی ئەمنی لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان و توركیا و هەموو دەوڵەتانی ناوچەكە بەرەو پێشەوە بچێت، بە مەرجێك لەسەر حیسابی كورد نەبێت".

(خەسرۆ) دەشڵێ: "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا بەرەو سەقامگیرییەك و هاوسەنگیی هێز دەچێت، لە نێوان ئەكتەرە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو ئەكتەرانە و بێ هەرێمی  كوردستان ئەم هاوسەنگییە دروست نابێت و هەر كاتێك هەرێمی كوردستان بیەوێ، دەتوانێ هاوسەنگیی هێز تێك بدات، لەبەر ئەوەیش ئێران و توركیا و سعوودیا و رووسیا و ئەمەریكا و ئەورووپایش گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی بێ كورد و هەرێمی كوردستان هیچ سەقامگیرییەك لە ناوچەكە نابێت، ئەمڕۆ تیرۆر بووەتە هەڕەشە لەسەر جیهان بە گشتی، ئەگەر سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست نەبێت، تیرۆر بەردەوام دەبێت، ئەویش بە هۆی بوونی هاوسەنگیی هێز دروست دەبێت لە نێوان ئەكتەرە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەكێك لەو ئەكتەرانەیش هەرێمی كوردستانە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار