پارتی گەلی تورکمان: کەرکووک پێشمەرگەی بەسە.. لاوانمان دەیانەوێ شەرەفی بەرگریکردنیان لە ڕیزی پێشمەرگە پێ ببڕێ

هەولێر-KDP.info- پارتی گەلی تورکمان لە رایگەیێندراوێکیدا دەڵێ، پێشمەرگە کەرکووک و هاووڵاتیانی دەپارێزێ و ئەم ئەرکە نیشتیمانییەشی جێی ڕێز و پێزانینە. هەروەها دەڵێ، پێشمەرگە دەبێ بمێنێتەوە و کەرکووک جیا لە پێشمەرگە پێویستی بە هێزی دیکە نییە.
لە بەیاننامەیەکیدا کە ئاراستەی گەلی تورکمان و گەلی عێراقی کردووە و وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کەوتووە، پارتی گەلی تورکمانی لە کەرکووک، هەموو ئەو قوربانیدانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی کەرکووک و هاووڵاتیانی بەبێ جیاوازیی و بە تایبەت پێکهاتەی تورکمان بەرز دەنرخێنێ و ڕایدەگەیێنێ، "پارتی گەلی تورکمانی هەڵوێستی شەرفەمەندانەی هێزی پێشمەرگە لە پاراستنی کەرکووک لە بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان زۆر بەرز دەنرخێنێ. پارتی گەلی تورکمان ئەوەی بیر ناچێتەوە کە پێشمەرگە لە هەستیارترین قۆناغی مێژووییدا کە ناوچەکە بە خۆیەوە بینیوە، تورکمانەکانی پاراستووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆر لایەن بە هۆی سەرقاڵییان بە ململانێی لاوەکییەوە دەستبەرداری تورکمان بوون و، بە هیچ جۆرێک خزمەتی دۆزی تورکمانەکانیان و بەرژەوەندییان نەکردووە."
بەیاننامەکە جەخت دەکاتەوە "لەکاتێکدا کە هێزی پێشمەرگە قوربانیی زۆری داوە، هەندێ ئاماژە لێرەولەوێ هەن کە مەبەست لێیان نانەوەی دووبەرەکییە لە نێوان کورد و تورکماندا، لە پێناو ئەجێندای دەرەکیی زانراوە و لێدانە لە باوەڕبوون بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە."
پارتی گەلی تورکمان جەخت دەکاتەوە "پێشمەرگە بە هاوکاریی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی توانای بەرگریکردنی هەیە و پێویست بە هیچ هێزێکی دیکە ناکات بێنە ناوچەکەوە وەک ئەوەی هەندێک لایەن و سیاسی باس لە پێکهێنانی هێزی دیکە یان هێنان هێز لە بەغداوە دەکەن؛ ئێمە وایدەبینین کە هێنانی هێز بە واتای زیادکردنی کێشە و نزیکبوونەوە لە هەڵکردنی ئاگری شەڕ لە سنووری کەرکووکدا."
ڕایشیگەیاندووە، " داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین دەرگای ناونووسکردن لەبەردەم لاوانی تورکماندا بکاتەوە تا لە ڕیزکانی پێشمەرگەدا خزمەت بکەن و شانازیی بەرگریکردن لە ناوچەکانیان پێ ببڕێ. تا دەرگا بەڕووی ئەوانەشدا دابخرێ کە لە ئاوی لێڵدا مەلە دەکەن و جەخت لە پێوەندیی مێژوویی کورد و تورکمان دەکەینەوە و داوا دەکەین هێزی پێشمەرگە لە کەرکووک بمێنێتەوە، چونکە بێ جیاوازی بەرگری و پارێزگاری لە نەتەوەکانی کەرکووک کردووە."




