بازیانی: چاوەكان ڕوویان لە هەرێمه.. سەردانی یڵدرم ڕەهەندی تایبەتی هەیە

هەولێر-KDP.info- ڕِێكخەری گشتیی بزاڤی چاكسازی و گەشە دەڵێ، سەردانی (بیناڵی یڵدرم) بۆ هەولێر، ڕەهەندی تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونكە توركیا دەروازەیەكە بۆ گەییشتنی هەرێمی كوردستان بە ئەورووپا و جیهان.
پێوەست بە سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی توركیا، (محەممەد بازیانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ عێراق و تایبەت بۆ كوردستان، ڕەهەندی تایبەتی خۆی هەیە، هەر سەرۆككۆمارێك یان هەر سەرۆكوەزیرانێك و هەر شاندێكی نێودەوڵەتی بێتە عێراق، ئەگەر سەردانی هەولێر نەكات سەردانەكەی ناتەواوە، چونكە لە ئێستادا مامەڵەیەكی تایبەت لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێـت بە تایبەت بە هۆی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعش و ئەو ئابوورییە بەهێزەی لە كوردستاندا هەیە و ئەو ئاساییشەی كوردستان لە ناوچەكەدا، بۆیە چاوەكان زیاتر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە".
(بازیانی)گوتیشی: "بە بۆچوونی من، ئەم سەردانە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونكە سەرۆكوەزیران شاندێكی گەورەی لەگەڵدایە وەك وەزیری خوێندنی باڵا و وەزیری وزە و وەزیری بازرگانی، لە هەمان كاتدا دانیشتنەكانی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەك دوو دەوڵەت سەیر دەكرێـت، چونكە توركیا پێویستی بە كوردستانە و كوردستانیش پێویستی بەو دەروازەیە هەیە، تەناتە كاتێك كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیشی ڕابگەیێنیت، ئەوا توركیا دەبێـتە دەروازەیەك بۆ وڵاتانی ئەورووپا و هەموو دنیا، تەنانەت ئەگەر بێـت و بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق فیدڕالییەتێكیش دروست بێت لە نێوان كورد و سوننەكاندا، كە وا پێدەچێت بەو جۆرە بێـت، لە هەمان كاتدا ستراتیژییەتێكی گەورە لە نێوانی كورد و توركیا و كورد و سوننەدا بوونی دەبێـت".
(بیناڵی یڵدرم) لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیرانی توركیا، یەكەم سەردانیەتی بۆ هەولێر و بەغدا ئەنجامی دەدات، ساڵی ٢٠١١ـیش (رەجەب تەییب ئەردۆغان)، ئەو كاتەی سەرۆكوەزیران بوو، سەردانی هەولێری كرد، هاوكات ساڵی ٢٠١٤ (ئەحمەد داوودئۆغڵو)، سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد.
فایزە كۆیی




