٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

عەبادی و یڵدرم لەباره‌ی هێزه‌كانی توركیا و په‌كه‌كه‌وه‌ رێك كەوتن

سەرچاوە: KDP.info

به‌غدا-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر ئەلعەبادی) گوتی، لە دوای رزگارکردنی مووسڵ ھێڵی بۆریی نەوتی لەگەڵ تورکیا دادەمەزرێنن. سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیایش رایگه‌یاند، (عەبادی) بەڵێنی داوە سوپای عێراق و پێشمەرگە پێكەوە پەكەكە لە شنگال دەربكەن.


لە دوای ھاتنی سەرۆکوەزیرانی تورکیا (بینالی یڵدرم) بۆ  بەغدا، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ھەماھەنگی ستراتیژی لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان تورکیا-عێراق بە سەرکردایەتیی (بینالی یڵدرم) و سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) ئەنجام درا و پاشانیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش رێک خرا.

(عەبادی) لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند کە دەیانەوێ پەیوەندی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ تورکیا بەھێز بکەن. گوتیشی: "سەرۆکوەزیران (یڵدرم) لەگەڵ وەزیرە گرینگەکانی ھاتبوو. ھەماھەنگی لە بوارەکانی ھەواڵگری، پەروەردە، ئاسایش و ئابووری ئەنجام دەدرێت".

(عەبادی) لەبارەی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکە لە خاکی عێراق گوتی: "دەستووری ئێمە بە ھیچ شێوەیەک رێگە بە ھیچ کەسێک نادات کە ھێرش بکاتە سەر وڵاتانی دراوسێمان".

ھاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ھەبوونی سەربازانی تورکیا بەمەبەستی مەشق و راھێنان لە خاکی عێراق گوتی: "لە بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی پەیوەندیدار بە پرسی باشیک، داواکاریی خۆمان لەمەڕ کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا پێشکەش کرد. لایەنی تورکیایش جەختی لە رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووەتەوە".

(عەبادی) جەختیشی لەوە کردەوە کە بەرەنگاربوونەوە لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش گەیشتووەتە ھەنگاوی کۆتایی و شاری مووسڵیش بە زووترین کات لە تیرۆریستان پاک دەکرێتەوە.

(عەبادی) ئاماژەی بەوەش دا کە لە دوای رزگارکردنی شاری مووسڵ ئامادەی ھەماھەنگین لەگەڵ تورکیا، گوتیشی: "لە دوای رزگارکردنی مووسڵ ھێڵی بۆریی نەوتی لەگەڵ تورکیا دادەمەزرێنین. ئەمەش پەیوەست دەبێ بە رێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵات".

سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر ئەلعەبادی) لەبارەی پرسیارێکی پەیوەندیدار بە قوتابخانەکانی سەر بە (فەتحوڵڵا گوله‌ن) لە عێراق گوتی: "قوتابیانی عێراقی لەم قوتابخانانە دەخوێنن. ئامادەین چاو بەم بابەتە بخشێنینەوە. بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیی قوتابیانی عێراقی و ھەماھەنگی ھەردوو لایەن چارەسەرێک دەدۆزینەوە".

لەبەرانبەردا (بینالی یڵدرم) سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند "رێگە بە کەس نادەین سەروەری عێراق پێشێل بکات و لەگەڵ عێراق پێکەوە کار دەکەین بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر".

لەبارەی هێزەكانی پەكەكەش لە شنگال، (یڵدرم) گوتی "(عەبادی) بەڵێنی داوە سوپای عێراق و پێشمەرگە پێكەوە پەكەكە لە شنگال دەربكەن". (حەیدەر عەبادی)یش ئاماژەی بەوە كرد جگە لە هێزە عێراقییەكان رێگە بە هیچ هێزێكی دەرەكی نادەن لە شنگال بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار