"پێشمەرگە خاوەن قسەیە نەوەک مالیکی"
__2017_01_07_h15m9s38__HK.jpg)
کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٩ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئێستا سوننە و ژمارەیەکی زۆری شیعە دژی (مالیکی) وەستاونەتەوە و تێگەیشتوون لەوەی کە (مالیکی) هۆکاری سەرەکی ئەو نەهامەتیانە بوو کە عێراق تووشی هات. دەشڵێ، پێوەست بە سنووری هەرێمی کوردستان پێشمەرگە خاوەن قسەیە نەوەک (مالیکی).
(د.فەرهاد كەركووكی)، بەرپرسی لقی ١٩ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هەموو كات (مالیکی) دژی گەلی کورد بووە، ئەو کاتەی دەستەڵاتی بەدەستەوەبوو رێک بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و لەشکرێکی بەڕێکرد بۆ ئەوەی ناوچە کوردستانییەکان داگیربکات، ئەوەبوو فیرقەی دوازدە و هێزی دیجلەی لە دژی کورد جوڵاند، ئێستاش کە داوا دەکات هێزی پێشمەرگە لە سنوورەکان بکشێتەوە خۆ ئەو سنوورانە لە بنەڕەتدا هی کوردستانن و رژێمی پێشوو داگیری کردبوون، سنوورەکە پێشووتر بە هێڵی ٣٦ دیاریکرابوو وەک ناوچەیەکی ئارام لە قوشتەپەوە بۆ بانی مەقان تا سەر سنوور، ئێستا کە پێشمەرگە سنووری خۆی دیاری کردووە (مالیکی) بۆی نییە داوای کشانەوەی هێزی پێشمەرگە بکات، چونکە پێوەست بە سنووری هەرێم پێشمەرگە خاوەن قسەیە نەوەک کەسێکی وەک (مالیکی).
(فەرهاد کەرکووکی) ئاماژەیشی دا، لە سایەی (مالیکی) داعش لە عێراقدا سەریهەڵدا و گەندەڵی زۆر بوو، ئەو رۆڵێکی خراپی لە دروستکردنی جۆرەها کێشە لە عێراقدا گێڕا، نێوانی شیعە و سوننەی تێکدا و هەموو پێکهاتەکانی دژ بەیەک وەستاند، ئێستاش کە لە دەستەڵاتدا پەراوێزخراوە بە لێدوان و قسەی نابەجێ دەیەوێ ئاژاوە بنێتەوە، بەڵام ئێستا سوننە و ژمارەیەکی زۆری شیعەکانیش دژی (مالیکی) وەستاونەتەوە و سەرکۆنەی رەفتارەکانی دەکەن.
قائید میرۆ




