تورکیا: ''ئینجیرلیک بنکەی ناتۆ نییە''

ههولێر-KDP.info- وەزیری بەرگریی تورکیا (فکری ئشک) رایگەیاند: ''بنکەی ئینجیرلیک بنکەی ناتۆ نییە. پێویستە هەمووان ئەمە بزانن. دوای ئەوەی کە تورکیا رێگەی پێداون، لەوێ بوونیان هەیە''.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ''ئایا داخستنی بنکەی ئینجئرلیک جێگەی باسە یان نا؟'' (فیکری ئشک) باسی لەوە کردووه كه زیاتر لە حکوومەتی تورکیا رای گشتیی لە بنکە سەربازییەکە دەپرسێتەوە.
(ئشک) ههروهها گوتوویهتی، ئامانجەکە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئەو رێکخراوە دوژمنی هاوبەشی هەمووانە.
بهگوێرهی ههواڵێكی ئاژانسی ئانادۆڵوی نیمچه فهرمیی حكوومهتی توركیا، وەزیری بەرگریی وڵاتهكهی جەختی کردەوەتهوه لهوهی لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا ئەم بابەتانەیان لەگەڵ ئەمهریکادا تاوتوو کردووە و، هەستیاریی خۆیان لەوبارەوە بە ئیدارەی واشنتۆن راگەیاندووە، گوتووشیهتی:
''ئەمهریکا هاوپەیمانی ئێمەیە لە ناتۆدا. پێویستە هاوپەیمانێتیی لەسەر بنەمای شەفافیەت و راستگۆیی بێت. ئەگەر هاوپەیمانێتییەک لەسەر ئەو دوو بنەمایە نەبێت، ئەوا درێژەپیدانی پەیوەندییەکان قورس دەبێت. ئەوەی کە ئێمە لە هاوپەیمانەکانمانی داوا دەکەین، ئەوەیە کە لەگەڵ تورکیادا شەفاف و راستگۆ بن. ئەمە بەو مانایە نییە کە 'بنکەی ئینجیرلیک لەمڕۆ و سبەینێدا دادەخرێت'. بنکەی ئینجیرلیک بنکەی ناتۆ نییە. پێویستە هەمووان ئەمە بزانن.''
وەزیری بەرگریی توركیا ههروهها دهڵێ، ''دوای ئەوەی کە تورکیا رێگەی پێداون، لەوێ بوونیان هەیە. تورکیا لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەمهریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشدا درێژە بە کۆبوونەوە و دیدارەکانی دەدات. ئەگەر ئەو کۆبوونەوانە بە ئاراستەیەکدا بڕۆن کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئەنجامی لێ نەکەوێتەوە، ئەوا تورکیا هەموو ئەگەرەکان تاوتوو دەکات. ئەگەر قەناعەتی ئەوە درووست ببێت کە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی ئینجیرلیک بۆ مەبەستێکە لە دەرەوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەوا چ رێکارێک پێویست بێت، دەگیرێتەبەر. ئێستا زۆر زووە بۆ گوتنی ئەمە. لە کۆتاییدا ئێمە لەنێو هاوپەیمانێتییەکداین''.
(ئشک) ئاشکرای کرد ئەم بابەتانەیان دەیان جار لەگەڵ بەرپرسە ئەمهریکاییەکاندا تاوتوو کردووە، ژمارەیەک هەنگاوی ئەرێنی نراوە، هەندێک رەنگدانەوەی پۆزەتیڤی هەبووە، بەڵام هەنگاوەکان لەو ئاستە لەخێراییدا نەبوون کە چاوەڕێ دەکرا.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئەوەی دووپات کردووەتهوه کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئەمهریکا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعشدا بەردەوامە و گوتی: ''هیوامان وایە ئەنجامێکمان لەم کۆبوونەوانە دەست دەکەوێت. ئەگەرنا کۆبوونەوەیەک کە هەنگاوی تێدا نەنرێت، ئەنجامی لێ ناکەوێتەوە. ئێمە کێشەکانی خۆمان بەتەواوی شەفافیەتەوە باس دەکەین. لەکۆتاییشدا دەسەڵات لای تورکیایە. هەروەها دوابڕیاریش هەر لای تورکیایە. تا ئەو کاتەی کە پێویست نەکات بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە نادەین، بەڵام کە پێویستیشی کرد با کەس گومانی لەوە نەبێت کە بڕیار دەدەین''.




