٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

70%ـی لای چەپی مووسڵ رزگار كراوە.. 135 هەزار كەس ئاوارە بوونە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  جێگری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایدەگەیێنێت، قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئازادكردنی شاری مووسل بەردەوامە و 70 لەسەدی لای چەپی مووسڵ رزگار كراوە.

(هاشم بریفكانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵ بەردەوامی هەیە و پلانەكە گۆڕانكاری تێدا كراوە و ماوەی حەوت رۆژە دەستی پێ كردووە، هەروەها پێشڕەویی باش كراوە و بەردەوامن، ئەگەر پیشڕەوییەكان وا بڕۆن بەر لە گەییشتن بە سەری ئەم مانگە، لای چەپی شاری مووسڵ بە تەواوی رزگار دەكرێ، چونكە نزیكەی 70 لە سەدی تەواو بووە و 50 گەڕەك لە كۆی 72 گەڕەكی لای چەپی شار رزگار كراوە و، تەنها گەڕەكە بچووكەكان ماون لە داعش پاك بكرێنەوە".

پێوەست بە ژمارەی ئاوارەكانیش، (بریفكانی) گوتی: "لە سەرەتای شەڕی ئازادكردنی شاری مووسڵەوە، 135 هەزار ئاوارەمان هەیە، داعشیش هەوڵ دەدات خەڵكی سڤیل هەموویان دەربكات لەنێو گەڕەكەكانی شاڕی مووسڵ، تاوەكو ببنە بارگرانییەك بۆ حكوومەتی عێراق و هەرێم و ناوخۆی مووسڵ، چونكە لە ماوەی ئەم سێ رۆژەی ڕابردوودا زیاتر لە 15 هەزار كەس ئاوارە بوون و رێژەیان زۆر بووە، كە لە بارودۆخێكی خراپدان و حكوومەتی بەغدایش هاوكارییەكانی بەو ئاستە نییە كە ئێمە دەخوازین".

جێگری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەبارەی ڕەوشی داعشەوە ئاماژەی دا: "تیرۆریستانی داعش لە ڕەوشێكی باشدا نین لە رووی ماددی و مەعنەوییشەوە، هەروەها سیاسەتی شەڕكردنیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و پشت بە بۆمبڕێژكردن دەبەستن، یان خەڵكی سڤیل دەكەنە قەڵغان بۆ خۆیان تا لەناویاندا شەڕ بكەن".

نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار