بهگوێرهی نرخی نهوت بێ، ئهمساڵ 60%ی مووچەی فەرمانبەران دابین دەکرێت

ههولێر-KDP.info- جێگیری سەرۆکی لێژنەی داهات و سامانی ژێر زەوی لە پەرلەمانی کوردستان دهڵێت، ئەگەری دڵخۆشکەر هەیە بۆ ئابووریی کوردستان و "دڵمان بە ئامارەکان خۆشە.''
فرۆشتنی نەوتی کوردستان یاساییە
حەفتەی رابردوو بوو، ئەندامانی دەوڵەتی یاسا لە سەروویانەوە (عەبدول سەلام مالیکی)ی ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگهیاندبوو، (دەبێت حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە لە رێککەوتنی نەوتیی هەولێر- ئانكارا بکات و تورکیا بخاتە بەردەم بەرپرسیارهتییەوە کە بۆچی رێککەوتنی 50 ساڵەی لەگەڵ کوردستاندا کردووە، بەبێ ئەوەی بەغدا ئاگادار بێت).
لەم بارەوە، (دڵشاد شەعبان) جێگری سەرۆکی لێژنەی داهات و سامانی ژێرزەوی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند، كه دۆزینەوەی نەوت و دەرهێنان و مامەڵەکردنی، هەمووی بەپێی دەستووری عێراق بووە. دهستوور ئەو دەسەڵاتانەی بە هەرێمی کوردستانی داوە، ئینجا عێراق خۆی هێشتا یاسای نەوت و گازی نییە.
(دڵشاد شەعبان) ڕوونی كردهوه "ئێمە لە هەرێمی کوردستان کارمان بە یاسای ژمارە 27 ساڵی 2007 كردووه، بۆیە هەر رێککەوتنێکی نەوتی کرابێت، لە ئەلفەوە تا کۆتایی هەمووی یاساییە. یاسایەکی دیکە كه لە پەرلەمان دەرچووە، یاسای 5ی ساڵی 2013یه كه دەڵێت: "بژاردەی یەکەم بۆ وەرگرتنی موستەحەقاتی دارایی دەبێت بگەرێینەوە بۆ بەغدا، لە پەرلەمانی کوردستانیش بە زۆرینەی دەنگ پشتیوانیی خۆمان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیووە، بە جۆرێک بژاردەی یەکەم گەڕانەوە بۆ بەغدایه، ئەگەر بەغدا موستەحەقاتی کوردستانی نەنارد ئەوا کوردستان سەرپشک دەبێت لە بەکارهێنانی سەرچاوەی داراییی خۆی و بەپێی ئەو یاسایە کە دهڵێ (ئەگەر فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ بێت، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپشکە بۆ ئەوەی بودجەی خۆی دابین بکات)".
کەس ناتوانێت رێگری بکات
(دڵشاد شەعبان) جهخت دهكاتهوه كه نە دەوڵەتی یاسا و نە حزبی دەعوە ناتوانن رێگری لە نەوتی کوردستان بکەن، گوتیشی ''کاتی خۆیشی (نووری مالیکی) داوایەکی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تۆمار کرد لە دادگای فیدراڵی، لەوێ دۆڕاندی. دواتر داوایەکی دیكهی تۆمار کرد لە ولایەتی تەکساسی ئەمەریکا، ئەوێیشی دۆڕاند. واتا (مالیکی) دوو داوای دۆڕاند. ئەمانە هەموو بەڵگەن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسا و قانوون مامەڵەی کردووە".
جێگری سەرۆکی لێژنەی داهات و سامانی ژێرزەوی لە پەرلەمانی کوردستان، ههروهها گوتی، ''ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستان کارێکی نایاسایی بکردایە، ئهو کۆمپانیا زهبهلاحانه نەدەهاتنە کوردستان و به بههای سهدان ملیۆنان دۆلار سهرمایهگوزاری له كهرتی نهوتی ههرێمدا بكهن. جا بۆیه ئێمە کاری خۆمان بە یاسایی کردووە و کەسانی وەک (مالیکی)یش چیی دەڵێن با بیڵێن.''
گۆڕانکاری لە ئەگەری نرخی نەوت و داهاتی کوردستاندا
لەبارەی ئەگەری گۆڕانکاری لە نرخی نەوت و، داهاتی کوردستان بۆ 2017، (دڵشاد شەعبان) دەڵێت: "لە 1\12\2016 تاکو 3\1\2017 مانگێک کەمترین نرخ و بەرزترین نرخ کەمترین 52 دۆلار و83 سەنت بووە، بەرزترینیش 56دۆلار بووە، واتا ئەگەر کۆی هەمووی وەربگرین، 53 دۆلار بووە. ئەم نرخە نرخی نەوتی (برێت)ە، لەبەر ئەوەی نەوتی کوردستانیش کەمێک کبریتی تێدایە و پارەی پاشەکەوت وەردەگرین پارەی گواستنەوە و خەزنکردنیشی لێ دەڕوات، دەبێتە 10 دۆلار، ئەگەر کۆی مانگی رابردوو بە 53 دۆلار بخەمڵێنین، بۆ کوردستان دەبێتە 43 دۆلار و، ئەگەر ئەم پارەیه لە 600هەزاری بدەین ئەوا دەکاته 700 ملیۆن دۆلار و، لەگەڵ مانگەکانی پێشووتر 70 تا 80 ملیۆن دۆلار جیاوازییەتی؛ خۆ ئەگەر 210 ملیۆن دۆلار قەرزی لێ دەربێنی، 92 ملیۆن دۆلار حەقدەستی کۆمپانیانان دەربهێنین، ئەوا ئەو پارەیهی دەمێنێتهوه ٪61ی مووچەی فەرمانبەران دابین دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایه لە مانگەکانی رابردوو حکوومەت تەنیا ٪50ی مووچەی فەرمانبەرانی دابین کردووە، ئەمەش شتێکی دڵخۆشکەرە، چونکە ئۆپیک بڕیاری داوە دووملیۆن بەرمیل نەوت کەم بکەنەوە، ههڵبهت ئەوە قازانجە بۆ ئەو وڵاتانەی لە دەرەوەی ئۆپیک نەوت دەفرۆشن."
کارزان سەباح هەورامی




