لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، هۆكاری راگرتنی كاری رێکخراوی یەزدا ئاشكرا دهكات

هەولێر-KDP.info- لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هۆکاری راگرتنی کاری رێکخراوی یەزدا لە نێو کەمپی ئاوارەکان ئاشکرا دەکات و رایدهگهیێنێ، رێکخراوەکە مۆڵەتى كارى خێرخوازى بە هەل زانیوە بۆ ئەنجامدانى كارى سیاسى كە پێچەوانەى مۆڵەتى كاركردنیان بووه. لیژنەکە ئاشکرایشی کرد کە تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٦ لە كوردستان (٢٣٤٤) رێکخراو و کۆمەڵە و سەنتەر و ناوەند لۆکاڵی و عێراقی و بیانی لە کوردستان لە بوارە جیاجیاکان مۆڵەتی فەرمی کارکردنیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت هەیە بە تۆماركردنی رێكخراو و سەنتەر و ناوەندەكان، چەند مەرجێكێکیش دانراوە بۆ دامەزراندنی رێكخراوەكان، لە كاتی تۆماركردنی رێكخراوی ناحكوومیدا، پێویستە دامەزرێنەرانی رێكخراو رەچاوی چەند رێنماییەك بكەن لەوانە: بۆ دامەزراندنی رێكخراوەکان لە هەرێمی کوردستاندا یاسای ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠١١ی تایبەت بە ڕێكخراوە ناحكوومییەكان دەرچووە و لەژێر رۆشنایی ئەو یاسایەدا پێویستە لەسەر دامەزرێنەرانی رێكخراو، پێڕەوێكی نێوخۆیی تایبەت بە رێكخراوەكەیان ئامادە بکات، كە ئەرك و ماف و بەرپرسیارێتی رێكخراوەكە لەخۆ بگرێت، بۆیە هیچ رێكخراوێكی ناحكوومی ناتوانێ بەبێ بوونی پێڕەوی نێوخۆ دابمەزرێت.
لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایدهگەیێنێ، بە سوودوەرگرتن لەم یاسایە تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٦ لە كوردستان (٢٣٤٤) رێکخراو و کۆمەڵە و سەنتەر و ناوەند لۆکاڵی و عێراقی و بیانی لە کوردستان لە بوارە جیاجیاکان مۆڵەتی فەرمی کارکردنیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن و حکوومەتی هەرێم هاوکاری رێکخراوەکان دەکات بەتایبەتی رێکخراوە خێرخوازییەکان کە هاوکاری ئاوارە و پەنابەران دەکەن، چونکە قەیرانی ئابووری بارگرانییەکی زۆری لەسەر حکوومەت درووست کردووە بەجۆرێک ناتوانێت بە تەنیا ئەرکی حەواندنەوە و یارمەتیدانی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارە و پەنابەر لە ئەستۆ بگرێت.
پێوەست بە راگرتنی کاری رێکخراوی یەزدا لە نێو کەمپی ئاوارەکان لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەڵێ: کاری سەرەکی ئەم رێکخراوە مرۆییە، بەڵام لە دەرەوەی چوارچێوەی کاری مرۆیی کاری کردووە و مۆڵەتى كارى خێرخوازى بە هەل زانیوە بۆ ئەنجامدانى كارى سیاسى كە پێچەوانەى مۆڵەتى كاركردنیانە و هۆشدارییەكانى لایەنە پێوەندارەكای پشتگوێخسووە و گوتارێكى میدیایى تەواو سیاسیى ئاڕاستەكراو دژى هەرێمى كوردستان و كەلتوورى پێكەوەژیان لە هەرێم بەكار هێناوە كە دووره لە هەموو مانایەكى كارى خێرخوازى و مرۆیی، هەروەها تۆمەتی بێبنەماى ئاراستەی حكوومەتى هەرێمى كوردستان بە سەپاندنى ناسنامەیەكى نەتەوەیى دیاریكراو بەسەر ئێزدییەكاندا، لە هەمانکاتدا دانیشتن و كۆبوونەوەى شاراوە و بێ مۆڵەتی ئەنجامداوە لەگەڵ لایەنە سەربازییە جیاكان و میلیشیا چەكدارە نایاسایى و ناشەرعییەكان لە ناوچەى شنگاڵ كە لە دۆخێكى ئەمنیى ئاڵۆز و هەستیاردایە و كار و هەوڵى بەردەوامی داوە بۆ كۆچپێكردنى بەكۆمەڵى ئێزدییەكان و چۆڵكردنى ناوچە ئێزدینشینەكان بە داواكردن لە وڵاتانى دەرەوە بۆ وەرگرتنى سەدان هەزار ئێزیدى لەو وڵاتانە.
لێژنەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستە ڕوو، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستێکی بەرز لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ بە جینۆساید ناساندنی کەیسی کوردانی ئێزدی بەشێوەیەکی یاسایی و لە دوای رفاندنی ئافرەت و کچانی ئێزدی لە لایەن داعشەوە، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەکییەوە هەوڵی رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییە ئێزیدییە رفێندراوانە دەدات و لیژنەیەکی تایبەتی داناوە و بودجەی تەواویشی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە و بەپێی ئەم پرۆسەیە کە تا ئێستاش بەردەوامە بە هەزارانیان ئازاد کراون، بەڵام رێکخراوی یەزدا هەستاوە بە وەرگرتنی ئیفادەى ڕزگاربووانى دەستى داعش و ڤیدیۆكردن و دۆكیومێنتكردنیان بە بیانووی بەجینۆسایدناساندنی دۆسیەکە و مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئەم پرسە، بەبێ هەماهەنگى لەگەڵ حكوومەت و لەم بارەیەوە لە چوارچێوەی دوایین فیستیڤاڵى فیلمى نێودەوڵەتیى دهۆكدا، بە پیلانێکی پێشوەختە هەوڵیاندا بۆ نانەوەى ئاڵۆزى و پشێوییەكى گەورە لە كاتی نمایشکردنی فیلمێكى سینەمایى دەربارەى جینۆسایدى ئێزدییەكان.
لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە رێکخراوی ناوبراو بەردەوام بووە لە سەرپێچیکردنی یاسا و رێنماییەکان و لەم بارەوە: رێکخراوی ناوبراو لە هەوڵى بەردەوامدا بووە بۆ لەكەداركردنى حكوومەت و پێشمەرگە لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵات، لە كاتێكدا كوردستان كاراترین ئەندامى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژەتیرۆر و پێشمەرگەش مایەى ڕێزى كۆمەڵگەى نێودەوڵەتییە و بە سەدان شەهیدى بۆ ڕزگاركردنى ناوچە ئێزدییەكان و پێكهاتە نەتەوەیى و ئایینییەكانى دیكە داوە.
لە لایەکی دیکەوە نوێنەرانى هەڵبژێردراو و دامەزراوە و لایەنە ئێزدییەكان گلەیى و سكاڵاى ئەوەیان کردووە کە رێکخراوی ناوبراو بە ناوى كۆمەك و هاوكارى بۆ ئێزدییەكان بڕێكى زۆرى پارەى لە دەرەوە وەرگرتووە و تەنیا بەشێكى كەمى داوەتە لێقەوماوانى ئێزیدى و ئێستا دۆسیەكە كراوەیە و لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، بۆیە پارێزگای دهۆک چەندین جار داوای لە بەرپرسانی رێکخراوی ناوبراو کراوە بۆ ئەوەی پابەند بە کار و پێڕەوی ناوخۆی رێکخراوەکە و دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە و کۆبوونەوە لەگەڵیان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی کاری مرۆیی دەرنەچێت، بەڵام رێکخراوی ناوبراو بەردەوام بووە لە سەرپێچیکردن و گوێنەدان بە یاسا و رێنماییەکانی حکوومەتی هەرێم و بەپێی نووسراوی ژمارە (١/٢٧٣٠) لە (٢٧/١٢/٢٠١٦) ی بەشی کاروباری مرۆڤایەتیی پارێزگای دهۆک کە ئاراستەی گشت قایممەقایمەکانی سنووری پارێزگای دهۆک كراوه، کاری رێکخراوی (یەزدا) لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان رابگیرێت.
لە کۆتاییدا لێژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر گرینگیی پابەندبوونی رێکخراوەکان بە ئەرک و پێڕەوی ناوخۆیانەوە و رێنماییەکانی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە کاری رێکخراوەکان روون و ئاشکران.




