٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''قسەکانی مالیکی بێبه‌هان؛ دەبوو بیری لای دادگا بووایه‌''

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ  -KDP.indo-نوێنەری کوردانی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، قسەکانی (مالیکی) هیچ سەنگێکیان نییە تا بێت و باسی پێشمەرگە بکات. هه‌رچی (شاخەوان عەبدوڵڵا)ی نوێنه‌ری كورده‌ له‌ به‌غدا ده‌ڵێ، هەمووان دەزانن (مالیکی) چۆن مووسڵی رادەست کرد كه‌ دەیه‌ویست وەهایش کەرکووک و خورماتوویش بێنێ، ئه‌وه‌ پێشمەرگە بوو نەیهێشت.

 

نوێنەری کوردانی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق (مەلاسالم شەبەک) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، (مالیکی) لەجیاتی ئەوەی کە داوای کشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە سنوورەکان بکات، دەبوو داوای خۆڕزگارکردنی لە دادگا کردبا، ئاخر (مالیکی) کەسی یەکەمی عێراق کە تاوانبارە بە کەوتنی مووسڵ، ئەو هۆکاری ئەو هەموو خه‌ڵكه‌یه‌ كه‌ بوونه‌ قوربانی، بۆیە نەدەبوو ئەو لێدوانی وەها بدات.

 

( مەلاسالم شەبەک) گوتیشی، ''هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەزاران شەهید و برینداری داوە بۆ ئازادکردنی سنووری ئێمە، بۆیە قسەکانی کەسێکی وه‌ك (مالیکی) هیچ پێوەرێک و سەنگێکیان نییە تا باسی پێشمەرگە بکات.. ئێمە وەک پێکهاتەی شەبەک جگە لە پێشمەرگە رێگا بە هیچ هێزێکی دیکە نادەین پێ بنێتە سنووره‌كه‌مانه‌وه‌.''

 

نوێنەری کوردانی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق کە ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەوتنی مووسڵ بووە، رایگەیاند، ''تۆمەتباری سەرەکیی کەوتنی مووسڵ (مالیکی) بوو. خۆ ئێمە چەندینجار داوامان کردووە لە دەستەی دەستپاکیی عێراق و دادگا كرد کە (مالیکی) دەبێ دادگایی بکرێ، کەچی (مالیکی) لە جیاتی ئەوەی بیر لە خۆی بکاتەوە له‌وه‌ی چی کردووە دێ باسی پێشمەرگە دەکات.''

 

ئاماژەیشی دا، لە سنووری مووسڵدا هیچ کەسێک (مالیکی) قەبووڵ نییە تەنانەت عەرەبەکانیش، چونکە ئەو هۆکاری ئەو هەموو کارەساتەیە کە بەسەر گەلانی عێراقدا هات.

 

هاوکات ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، ئەوەی (مالیکی) گوتوویەتی کە دەبێ پێشمەرگە بکشێتەوە بۆ ئەو سنوورانەی کە لە ٢٠٠٣ـدا هەبوون، دەبوو (مالیکی) رووی نەبووا هەر لێدوان بدات بەتایبەت لە دوای ٩-٦-٢٠١٤ کە هەمووان دەزانن ئەو چیی بە عێراق کردووە و چۆن داعش دەستی بە عێراق گەیشت.

 

گوتیشی، ئەو سنوورانەی کە ئێستا پێشمەرگە بەخوێن ئازادی کردوون، هەر خاکی کوردستان بووە، بەڵام پێشووتر (مالیکی) رادەستی داعشی کرد و ئێستایش پێشمەرگە ئازادی کردووەتەوە.

 

(شاخەوان عەبدوڵڵا) ئاماژەیشی دا، (مالیکی) بۆیە مووسڵی رادەستی داعش کرد تا دوایی بە گرووپە میلیشیاکان ئازادی بکاتەوە، ئەمەش پیلانێکی خۆی بوو، خۆ پیلانی هەبوو کە کەرکووک و خورماتوویش وا بێبکات بەڵام پێشمەرگە نەیهێشت و پیلانەکەی پووچەڵ کردەوە.

 

گوتیشی، ''١٠ ساڵی رێک گوتمان با ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، ئێستا دەبێ (مالیکی) داوای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بکات، ئەوەیش تەنیا بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە چارەنووسیان دیاری بکەن، خۆ رەنگە حکوومەتی عێراقیش هەڵوێستی وای هەبێ، بەڵام پێویستە بە زوویی هەرێمی کوردستان راپرسی لە ناوچە تازە ئازادبووەکان بکات بۆ ئەوەی خەڵکەکە چارەنووسی خۆیان هەڵبژێرن.''

 

بڵند ئیبراھیم  

 

هەواڵی پەیوەندیدار