هەرێمی كوردستان و ئێران زیندانییەكانیان رادەستی یەكتر دەكەنەوە
__2017_01_05_h14m30s9__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، زیندانیانی وڵاتەكانیان رادەستی یەكتر دەكەنەوە و، بڕیارە لە ماوەكانی داهاتوودا ژمارەیەك زیندانیی بە ڕەگەز ئێرانی رادەستی وڵاتەكەیان بكرێنەوە و كار بۆ گەڕانەوەی ژمارەیەك زیندانیی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكرێت لە ئێران.
(هەمزە مەغدید)، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دانوستان لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا كراوە بۆ رادەستكردنەوەی زیندانیانی ئێران لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوانەی بە ئەنجامدانی تاوانەوە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان سزایان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت و بڕیارە لە ڕێوڕەسمێكی فەرمیدا 18 زیندانیی ئێرانی رادەستی وڵاتەكەیان بكرێنەوە ئەو ماوەیەی ماوە لە سزاكەیان لەنێو زیدانەكانی ئێرندا تەواوی بكەن، پێشتریش 92 زیندانی رادەستی ئێران كراونەتەوە".
(مەغدید) گوتیشی: "بە هەمان شێوە رێككەوتن هەیە هەر هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستانیش لەنێو زیندانەكانی ئێراندا بێت بگەڕێندرێتەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام رێوشوێنی رادەستكردنی زیندانیان وایە پێویستە زیندانی خۆی داواكاری پێشكەش بكات بۆ گەڕانەوە، لەبەر ئەوە تا ئێستا شەش خێزانی هەرێمی كوردستان ناویان تۆمار كردووە لە وەزارەت بۆ ئەوەی زیندانییەكانیان لە ئێران بگەڕێندرێنەوە و نێو چاكسازییەكانی هەرێم و هەر خێزانێكیش كەسێكی زیندانی هەیە لە ئێران، دەتوانێ داواكاری پێشكەش بكات".
قائید میرۆ




