ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی: حەشدیشەعبی هەزاران کەسی کوشتووە، هەزارانی ڕفاندوون و ئەشکەنجە داون، دەبێ سنووریان بۆ دابنرێ

هەولێر-KDP.info- ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی جەخت دەکاتەوە لەوەی، پێویستە ئەو وڵاتانەی چەک دەدەن بە عێراق، دەبێ مەرجی تووندیش لە چۆنیەتیی گوازتنەوە و هەڵگرتن و دابەشکردنی بەسەردا بسەپێنن و، نەهێڵن بکەوێتە دەست میلیشیاکانی حەشدیشەعبی و تاوانی جەنگی پێ ئەنجام بدەن.
ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاو کراوەتەوە هەروەها رایگەیاندووە، "میلیشیاکان کە زۆرینەی شیعەن و، هەر بە ناوی حەشدیشەعبییەوە کار دەکەن، کردەی کوشتن بێ گەڕانەوە بۆ دادگا ئەنجام دەدەن و، هەزاران کەسیان ئەشکەنجە داوە و خەڵک دەڕفێنن؛ هەروەها مەترسیدارترین پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ دەکەن، بە تاوانی جەنگییشەوە، بێئەوەی هیچ ترسیان لە سزادان هەبێ."
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو میلیشیایانەی حەشدیشەعبی لانی کەمی چەکی ١٦ وڵاتیان پێیە، چەکی سووک و مامناوەند و مووشەک و تۆپ و ئۆتۆمبێلی سەربازیی گولـلەنەبڕی دروستکراوی چینی و ئەورووپایی، عێراقی و ئێرانی، ڕووسیایی و ئەمەریکان."
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەرکی ئەو دەوڵەتانە و دستەڵاتدارانی عێراقە مەرجی زۆر تووند بخاتە سەر شێوازی گوازتنەوە و دابەشکردنی ئەو چەکانە، بێئەوەی بکەونە دەست گرووپە چەکدارەکانەوە و، نەهێڵن تاوانی مرۆییان پێ ئەنجام بدرێ.
ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی، لە مانگی حوزێرانی ٢٠١٤ـەوە، حەشدیشەعبی لە دەرەوەی دادگا هەزاران کەسی کوشتووە، ئەشکەنجەی داون و ڕفاندوونی، کە هەندێک لەوانە لە ماڵەکانیان دەرهێندراون، یان لە خیوەتگاکان ڕفێندراون، یاخوود لە خاڵە پشکنینەکان و شوێنە گشتییەکان ڕفێندراون و هێشتایش هەزاران کەس چارەنووسیان نادیارە.
زیاتر ڕوونی کراوەتەوە، دەستگاکانی دەوڵەتی عێراق، هاوکاری و پشتیوانیی ئەو گرووپە میلیشیاییانە دەکەن و چەکیان دەدەنێ، هەڵبەت بەشێک لەو پڕچەککردنەی میلیشیاکان بە ڕەزامەندیی ڕاستەخۆی حکوومەتی عێراق بووە.
ڕێکخراوی لێبووردنی نیودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەیدا دەشڵی، هەندێکیش لەو گرووپە چەکدارانە بە شێوەی جیاوازتر و لە ڕێگەی کۆمپانیای تایبەتەوە، هەروەها لە ڕێگەی ئینتەرنێتیشەوە چەک دەکڕن. هەروەها ئەو هێزە میلیشیاییانە بەشەچەک و تفاقی سەربازییان ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە بۆ دێت؛ جا هەندێکی وەک دیاری و هەندێکیش بە پارەیە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە داوایش لە حکوومەتی عێراق دەکات، لێکۆڵینەوە لە دیاردەی کوشتن و ڕفاندن و بزرکردنی هەزاران کەسە بکات کە لەسەر دەستی حەشدیشەعبی بەڕێوە دەبرێ.
هاوکات داوایش لەو وڵاتانە دەکات کە جەک بە عێراق دەدەن، پرۆسەی دانی چەک و گوازتنەوەی بە عێراق رابگرن، کاتێک ناتوانن مەرجی نەکەوتنە دەست میلیشیاکان بسەپێنن.




