پسپۆڕێكی ئابووری: بەغدا مانگانە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار پارەی بانك رادەكێشێ

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی ئابووری ڕایدەگەیێنێت، ئەوانەی گەشبینن بەوەی بەغدا پابەندی یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بێت بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، تەنیا گەشبینییەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەگەر بەغدا بتوانێ 50%ـی پشكی بوودجەی هەرێم رەوانە بكات. دەشڵێ، ئەگەر نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بۆ خوار پەنجا دۆلار كەم نەبێتەوە، ئەوە ئەمساڵ حكوومەتی هەرێم دەتوانێ رێژەی پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی كەم بكاتەوە.
دكتۆر (محەممەد سەلمان) پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە هەرێمی كوردستان دوو جۆرە بۆچوون هەیە لەبارەی ئەوەی بەغدا یاسای بوودجەی گشتی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات، بۆچوونی یەكەم بۆچوونی حكوومەت و كاربەدەستانە و ئەوان پێیان وایە بەغدا پابەندی یاسای بوودجە نابێت، بۆچوونی دووەم ئێمەین وەك پسۆڕ و شارەزایان و چاودێران، بۆچوونی دووەمیش 50%ـی گەشبینە بەوەی بەغدا پابەند بێت، چونكە داهاتی عێراق تەنیا لە دوو رێگەوە ئێستا دابین دەكرێت، یان داهاتی فرۆشتنی نەوتە یانیش راكێشانی یەدەگی بانكی، واتە رەوشی عێراقیش باش نییە لە ڕووی داراییەوە، بەغدا مانگانە دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلار لە بانكی ناوەندی رادەكێشێت بۆ ئەوەی بتوانێ رێژەی داهاتەكەی بگەیێنێتە زیاتر لە چوار ملیار تا مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بكەن".
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "ئەگەر بەغدا پشكی هەرێمی كوردستانیش لە بوودجەی گشتیی عێراقدا رەوانە بكات، 50% تێپەڕ ناكات، كێشە لەوەدایە ناردنی نیوەی بوودجەیش مەرجدار كراوە، لەبەر ئەوەی كۆمەڵێك رێوشوێن دانراوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان پێوەی پابەند بێت ئینجا نیوەی بوودجەی هەرێم رەوانە دەكرێت، لەوانەش رادەستكردنی 550 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، رێژەی فەرمانبەران كەم بكرێتەوە، مادام مەرجدار كراوە پێم وایە حكوومەتی هەرێم ناتوانێ سوودی لێ ببینێ، چونكە دواجار عێراق دەتوانێ لە چوارچێوەی دەستوور و دادگای فیدڕاڵییەوە كێشە بۆ هەرێم بنێتەوە".
(سەلمان) گوتیشی: "ئەگەر نرخی نەوت لە بازاڕی جیهاندا لەو نرخەی ئێستادا جێگیر بێت واتە نرخی هەر بەرمیلێك كەمتر نەبێت لە 50 دۆلار، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ داهاتی باش بەدەست بێنێ، خۆ ئێستا بەرمیلی نەوت بەو نرخەیە نزیكەی یەك ملیار دۆلار داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەشێك لەو پارەیە بۆ گواستنەوەی نەوت و كۆمپانیاكان و قەرز و بیمەیە، ئەگەر ئەوانەی لێ دەربینین ئەوە پێشبینی دەكەم حكوومەتی هەرێم بتوانێ لە ئەمساڵدا بە ڕێژە پێداچوونەوە بە خشتەی مووچەدا بكات و رێژەی پاشەكەوت كەم بكرێتەوە".
قائید میرۆ




