٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سێ هەزار كوردی شەبەك گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- نوێنەری كوردانی شەبەك لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایدەگەیێنێت، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان بەردەوامە و، تاوەكو ئێستاش سێ هەزار كەس گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەمانە ئەو ئاوارانەن كە دوای دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ ئاوارە بوونە و ئەوانەی كۆن كە لە كەمپەكاندانە، هێشتا كەسیان نەگەڕاونەتەوە.

(غەزوان حامد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە درێژەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی كوردانی شەبەك بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، تاوەكو ئێستا نزیكەی سێ هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە سەر گوندەكانیان و پرۆسەكەیش بەردەوامە".

(حامد) گوتیشی، ئاوارەكان گەڕاونەتەوە بۆ گوندەكانی ئەبوجربۆعە، گۆگجەلیل، تۆپزاوە و عومەر قاپچی، كە ئەمانە دەكەونە دوای ساتری هێزی پێشمەرگەوە، چونكە ئەمانە دوای پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ ئاوارە ببوون و هەر لە دەشتی نەینەوا لەناو خێمەدا بوون و دۆخیان زۆر خراپ بوو و ئێستایش دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵەكانیان.

ئەو نوێنەرەی شەبەك ڕوونیشی كردەوە، ئاوارەكانی سەردەمی هاتنی داعش كە لە هەرێمی كوردستان لە كەمپەكان نیشتەجێ كراون، ئەوانە ماون و هیچیان نەگەڕاونەتەوە، هۆكاری نەگەڕانەوەیشیان بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری دەگەڕێتەوە، بۆیە هەر كاتێك خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكانیان دابین بكرێت، ئەوانیش دەست بە گەڕانەوە دەكەن.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار