عارف ڕووشدی: پێشمەرگە و پارتی تەماشاكەر نین بۆیە زیاتر دەكرێنە ئامانج

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەلایەن چەند هێزێكەوە لە سەروویانەوە (مالیكی)، پێشمەرگە و پارتی دیموكراتی كوردستان كراونەتە ئامانج، ئەوەیە كە پێشمەرگە کوردستان دەپارێزێ و پارتییش پەیامێكی راشكاوانەی هەیە، ئەویش بەرەو كوردستانێكی سەربەخۆیە.
(عارف روشدی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كەسانێكی وەك (نووری مالیكی) بۆیان نییە شەرعییەت بە خۆیان بدەن قسە لەسەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن، چونكە پێشمەرگە بە خەبات و قوربانیدانی خۆی خاكی كوردستان دەپارێزێت، دواتر ئەوەی ئێستا ئەو شەڕە گەورەیەی تووشی كوردستان كرد، لە ئەنجامی ئەو هەڵە گەورانەی (نووری مالیكی) بوو كە چوار لیوا و دەیان فیرقەی سەربازی لە مووسڵ رادەستی داعش كرد، ئەی باشە (مالیكی)ـیەك ئەو هەموو پارەیەی عێراقی بەهەر دەداوە و مووسڵی رادەستی داعش كرد، خێرە ئێستا كەوتووەتە وێزی پێشمەرگەوە؟، دواتر ئەو بە چ حەقێك هەڕەشەی كشانەوە لە پێشمەرگە دەكات؟".
(ڕوشدی) گوتیشی: "ماوەیەكە لەلایەن چەند هێزێكەوە لە سەروویانەوە (مالیكی)، پارتی دیموكراتی كوردستان كراوەتە ئامانج، دیارە كە پارتی پەیامێكی راشكاوانەی هەیە، ئەویش بەرەو كوردستانێكی سەربەخۆیە، ئێستاش بە هۆی دروشمە راشكاو و نەتەوەییەكانیەوە كراوەتە ئامانج، قسەش لەسەر ئەوە كراوە كە خۆپێشاندانی سلێمانی ئاڕاستەی پارتی دەكرێت، دەپرسین بۆ بەس پارتی؟".
دەشڵێ: "پارتی لە عێراق و كوردستان هێزێكی دیار و كاریگەرە و تەماشاكەر نییە، بۆیە كراوەتە ئامانج، بەڵام بە هەر بیانوویەك بێت، ناكرێت پارتی بكرێتە ئامانج".
كارزان سەباح هەورامی




