وەک هێزێکی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ پێشمهرگهدا دەکرێ.. لۆبیێكی گرینگه

هەولێر-KDP.info- بەگوێرەی لێدوانی فەرماندە و بەرپرسە حزبی و سیاسییەکان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیویەتی لۆبییەکی گەورەی جیهانی دروست بکات و، وەک هیزێکی نیودەوڵەتییش مامەڵەی لەگەدا دەکرێ.
پێشمەرگە لۆبییەکی گرینگی نێودەوڵەتی دروست کردووە
لە ئێستادا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە درێژایی سنووری 1500 کیلۆمەتر خاکی کوردستان دەپارێزێت، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری سنوورەکانی لە داعش پاک کردووەتەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) هەنگاوی جیددی ناوە و وەک هێزێکی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ.
(هەڵگورد حیکمەت) بەڕێوەبەری ڕۆشنبیر و هۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێ: "ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی وڵاتانی زلهێزی جیهان لە ناویاندا حەوت وڵاتە زلهێزەکە، پشتیوانی و مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، کە بێگومان چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەوەی وڵاتانی زلهێزی جیهان پشتیوانیی پێشمەرگە بکەن؛ یەکێک لەوانە ئەوەیە کە پێشمەرگە یەک مەرجەعیەتی بڕیاری هەیە ئەویش (بارزانی)یە وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە، بۆیە ئێستا ئەوەی پێشمەرگە لە دژی تیرۆر وهستاوهتهوه، شەڕی هەموو جیهانە و لەجیاتی جیهان شەڕ دەکات و خاکی کوردستانیش دەپارێزێت و تەواوی محیوەرەکانی کوردستانی لە داعش پاک کردوەتەوە، لە ماوەی رابردوویشدا داعش گەورەترین هێزی لەبەرانبەر پێشمەرگە تەفروتونا بوو، داعش قورسایی لە بەرەی پێشمەرگەوە لهدهست دا.''
(هەڵگورد جیکمەت) گوتیشی، ئێستایش هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵی گرینگ دەبینێت لە نێو هاوپەیمانان، بە جۆرێک پاشەکشەیەکی زۆری بە داعش کردووە، شوێنە گرینگ و ستراتیژییەکانی باکووری مووسڵی بەدەستەوەیە، جیالەوەش پێشمەرگە لۆبییەکی گرینگی نێودەوڵەتی دروست کردووە کە وڵاتان بە بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەڕێوەبەری ڕۆشنبیر و هۆشیاریی نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە، ههروهها دهڵێ، ''دوای داعش ئەرکی پێشمەرگە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ڕۆڵەکەشی هەروەک خۆی دەمێنێتەوە، چونکە دەبێت بەرنامە دابنرێت بۆ دوای نەمانی داعش ڕۆڵی پێشمەرگەش وەک خۆی دەمێنێتەوە و لەو سنوورە دەبێت کە بۆی دیاری کراوە.''
لە سنوروی دیالەدا داوا دەکەن تەنیا پێشمەرگە لە سنوورەکە بێمێنێتهوه
ماوەی رابردوو (نووری مالیکی) سەرۆکی حزبی دەعوە ئاماژەی بەوەدا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێت بکشێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی لێی هاتووە، (شێخ جەعفەر مستەفا) بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاند، ''ئێستا وەک کاردانەوەیەک بۆ سەرکەوتنی پێشمەرگە هەوڵێک هەیە لیوای حەشدی شەعبی فراوان بکرێت لە خورماتوو و کەرکووک، کە بێگومان ئەمانە لە داهاتوودا گەورەترین گرفت بۆ ناوچەکان دروست دەکەن؛ خۆی وا باس دەکرێت بەشێکی زۆریان سەر بەڕەوتی (مالیکی)ن، ئەمانە دەیانەوێ لە داهاتوودا گرفت بۆ پێشمەرگە و ئەو ناوچانە دروست بکەن.''
(شێخ جەعفەر مستەفا) ئاماژەیشی دا، "ئێستا خەڵکێکی زۆری سنووری پارێزگای کەرکووک و دیالە داوا دەکەن جگە لە پێشمەرگە هیچ هێزێکی دیکە لەو سنوورانە نەمێنێت، چونکە گرفت بۆ هەموو لایەنەکان دروست دەکەن و دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی دیکەش وەربگیرێن بۆ ناو ریزەکانی پێشمەرگە، چونکە پێشمەرگە تاکە پارێزەری ناوچەکانە".
(شێخ جەعفەر مستەفا) گوتیشی، هۆشداری دەدەنە هەر هێز و لایەنێک کە بیەوێت لە رێگای ئەو میلیشیا و حەشدانەوە کادیری خۆی دنە بدات، چونکە ناکرێت لە سنووری کوردستاندا هێزێک دروست بکرێ کە دواجار مەترسی بۆ سەر پێشمەرگە لەو سنوورەدا هەبێ، چونکە با بزانن کە ئیدی پێشمەرگە لەو سنوورەدا ناکشێتەوە.
دهبێ ماڵی خۆمان جیا بکەینەوە
(جەمال مورتکە) فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوهری مەخموور بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "پێشمەرگە پارێزەری خاکی کوردستانە ئەو سەروەریانەی ئێستا لە کوردستان بەدەست هاتوون لە ئەنجامی خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، بۆیە ئێستا ئەگەر هێزی حەشد بەشداری بکات لە مووسڵ یان بەشداری نەکات یان سوپای عێراق بێت یان نەیەت، ئەمە کێشەی ئێمە نییە، دەبێت خۆیشمان لەھیچ ھێزێک نزیک نەکەینەوە و ماڵی خۆمان جیا بکەینەوە، چونکە پێشمەرگە بارگاوی نەبووە بەهیچ ئایدۆلۆژیەکی ئایینی و تایفەگەرییەوە.''
(جەمال مورتکە) دەشڵێ: "لەبەر ئەوەی ئێمە ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ عەرەبدا ھەیە، سەرەڕای ئەمەش بە حوکمی ئەوەی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هەیە پێویستە بۆ دوای قۆناغی مووسڵ هەندێ پرس هەیە لەبەرچاوی بگرین، هەروەک بۆ ئێمە گرینگە داعش لە مووسڵ نەمینێت و خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێنەوە سەر سنووری رهسهنی خۆمان کە ناوچهی کوردستانین، ئەوکات ماددەی140 دهیانگرێتهوه و با سەرژمێریش بکرێ.''
جەختیشی کردەوە، ''حەشدی شەعبی بەھیچ شێوەیەک لە سنووری کوردستان بەشداری ناکات و جگە لە ئێمە سوننە و ھاوپەیمانانیش دژی بهشداریكردنی حەشدی شەعبین، بەڵام حکوومەتی ناوەند کە شیعەیە و دەستەڵاتیان لەدەست دایە، ھەر چۆنێک بێت ئەگەر لە سنووری ھەرێمیش بەشدار نهكهن، بە شەڕیش بێت له باشووری مووسڵ لە ناوچەی حەمام عەلیل چهند شوێنێكی دیكه بەشداری دەکەن، لەبەر ئەوەی خەون بەدەستەڵات لە ھەموو عێراقدا دەبینن.''
کارزان سەباح




