ئەنەکەسە بە پڕۆژەیەکی کوردییەوە لە کۆبوونەوەی کازاخستان بەشداردەبێ؛ رێگا بەپەیەدە نەدرا

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بڕیارە بە ئامادەبوونی چەندین وڵات لە كازاخستان كۆبوونەوەیەك لەبارەی دۆخی سووریا ئەنجام بدرێت و، رێگە بە پەیەدە نادرێت بەشداری بكات. ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردیش لە سووریا دەڵێ: ئێمە بەشدار دەبین و پڕۆژەیەكی كوردییشمان ئامادەیە بۆ ئەوەی لەو كۆبوونەوەیەدا باسی بكەین.
ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد-سووریا (نەواف رەشید)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە كۆبوونەوەیەك بە بەشداریی وڵاتانی توركیا، ڕووسیا، ئێران و ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە ئاگاداریی ئەمەریكا لەبارەی دۆخی سووریا لە كازاخستان ئەنجام بدرێت، بۆیە ئێمەیش وەك بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەشداری تێدا دەكەین و پەیەدەش وەكو بەشێك لە رژێمی سووریا هەژمار دەكرێت، لەبەر ئەمە وڵاتان رازی نین پەیەدە بە جیا بەشداری بێت و باس لەوە دەكەن گەر بەشدار بێت، پێویستە وەكو بەشێك لە رژێم بێت گەرنا رێگەی پێ نادرێت".
(رەشید) گوتیشی: "ئێمە پێشتر رێككەوتنێكمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریادا كردووە و بەپێی ئەو رێككەوتنە چووینەتە ناو ئۆپۆزسیۆنەوە، كە پێویستە كورد لە هەموو پرسەكانی چارەكردنی دۆخی سووریا بەشدار بێت و پێویستە ددان بە مافەكانی كورد و فیدراڵی بۆ رۆژئاوای كوردستاندا بنێت".
ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە بەردەوام دەبین لە دروستكردنی گوشار و ورووژاندنی ئەو رێككەوتنە بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت كە ئەمە پڕۆژەیەكی كوردییە و لە كۆبوونەوەی كازاخستانیش ئەو پڕۆژە كوردییە باس دەكەین و جەخت لەسەر جێبەجێكردنی دەكەینەوە لە چوارچێوەی چارەكردنی دۆخی سووریا و بنیاتنانی سووریای نوێ".
بڵند ئیبراهیم




