هاشم سیتەیی: دەڵێن، ئەو کەسەی لە شنگال تیرۆر كراوە بە دەستی پەکەکە بووە

شنگال-KDP.info- لەو سنوورەی پەكەكەی لێیە لە شنگال، هاووڵاتیێکی ئێزدی تیرۆر كرا، خەڵكی شنگالیش ئاماژە دەدەن کە ئەو كەسە لەلایەن پەكەكەوە تیرۆر كراوە. فەرماندەیەكی پێشمەرگەیش دەڵێت، ئەوە 17ـەمین كەسە لەو ناوچەیە دەكوژرێت.
(هاشم سیتەیی) فەرماندەی لیوای هەشت لە شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵكی شنگال، بۆ هەبوونی پەكەكە لەو دەڤەرە دەگەڕێتەوە، چونكە دەزانن هەر كاتێك بگەڕێنەوە تووشی كێشە و ئاوارەیی دەبنەوە، بۆیە نایانەوێت بگەڕێنەوە".
(سیتەیی) گوتیشی: "هەر دوێنێ لەو سنوورەی پەكەكەی لێیە، كەسێكی دیكەی ئێزدی كوژراوە، هەڵبەت ئەوە 17ـەمین كەسە لەو سنوورە دەكوژرێت، هەر لە كارمەندانی ڕێگاوبانی دهۆكەوە بگرە تا كوردانی ئێزدی كە هەموو لەو سنوورە كوژراون، كەسیش نازانرێت چۆن كۆژروان و لەلایەن كێوە كوژراون، بەڵام خەڵكی شنگال بە ئاشكرا دەڵێن پەكەكە ئەوانە تیرۆر دەكات، هەموو هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سنووری سووریا لەگەڵ شنگال كراوەیە و رۆژانە كەسانی خراپ و چەكدارانی پەكەكە بەو ڕێگەیەدا هاتوچۆ دەكەن، بێ ئەوەی كەس پێیان بڵێت ئێوە بۆ وا دەكەن، بۆیە داوا لە پەكەكە دەكەین ئەگەر خۆی بە هێزێكی كوردی دابنێت و بەرژەوەندیی خەڵكی شنگالی دەوێت با لە ناوچەكە بكشێتەوە، تا خەڵكی شنگالیش بە ئاسوودەیی بژین".
ڕابین شێروانی




