ئەترووشی: تەنیا بەغدا بڕیار نادات..كورد ئەو ژمارەیە نییە لەبیر بكرێت

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق لەسەر كۆتلەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ئاماژەی بە سەردانەكانی ساڵی نوێی سەرۆكی فەڕەنسا و سەردانی چاوەڕانكراوی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان كرد و دەڵێ، تازە جیهان گەییشتە ئەو باوەڕەی كورد ئیدی ئەو ژمارەیە نییە لەبیر بكرێت و لەمەودوا تەنیا بەغدا بڕیار نادات.
(سامی ئەترووشی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان لە عێراقدا گرینگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق هێزی هەرێمی كوردستان زیاتر بەرەو نێودەوڵەتیبوون گەشەی كرد و، دەتوانم بڵێم ئێستا هەرێمی كوردستان ژمارەیە لەنێو فۆڕمەلەی نێودەوڵەتیدا، بە تایبەت راوەستانی هەرێم بەرانبەر بە داعش، هەموومان دەزانین پێشمەرگە چ سەنگەرێكی بەرانبەر تیرۆرستان داناوە، هەموو وڵاتانی زلهێز ئەمڕۆ دەزانن هەرێمی كوردستان ئەو ژمارەیە نییە لەبیر بكرێت، لەمەودوا تەنیا بەغدا خاوەن بڕیاری عێراق نابێت، بەڵكوو هەر جارێك بڕیارێكی گرینگ لەبارەی عێراقەوە بدرێت، كورد و هەرێمی كوردستان لەو بڕیارەدا ئامادە دەبن، هەر لایەنێكی نێودەڵەتی سەردانی بەغدا بكات، سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات".
پەرلەمانتارەكەی پێشووی عێراق تیشكی خستە سەر گرینگیی پەیوەندیی نێوان هەرێم و توركیا و گوتی: "هەرگیز نابێت لەبیری خۆمانی ببەینەوە كە سیاسەتمەداری ئەوە نییە رۆژانێك پێوەندیمان لەگەڵ وڵاتێك وەك پێویست نەبووبێت هەتاهەتایە بەو شێوەیە بڕۆین، بە پێچەوانەوە پەیوەندیی نێودەوڵەتی بەو شێوەیە نییە، هیچ دوژمنێكی هەتاهەتاییش نییە، بەڵكوو بەرژەوەندیی هەتاهەتایی هەیە، توركیا و هەرێمی كوردستان بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، ئێمە وەك هەرێم زۆر پێویستیمان بە توركیایە، چونكە توركیا تاكە دەروازەیە هەرێمی كوردستان بە رۆژئاواوە دەبەستێتەوە، تاكە رێگەی ئاویشە بۆ جیهانی دەرەوە، هەروەها لە ڕووی كەرتی بازرگانییەوە توركیا سوودی زۆری هەیە بۆ هەرێم، لەبیری نەكەین لە ساڵانی دوای راپەڕین توركیا بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبوو ددان بە هەرێمی كوردستاندا بنێت، كەچی ئەو سیاسەتە گۆڕانكاری تێكەوت و بەرژەوەندیی هەردوولا ئەوەی خواست ئێستا زۆر لێك نزیك بین، واتە هەم توركیا پێویستی بە هەرێمی كوردستانە و هەمیش هەرێم پێویستی بە توركیایە، لە ڕووی سیاسییەوە بە هەمان شێوە ئێمە زۆر پێویستیمان بە وڵاتێكی وەك توركیایە، راستە ئێمە هێشتا لە چوارچێوەی عێراقداین، بەڵام پێویستە دۆست و هاوپەیمانی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان پەیدا بكەین".
لەبارەی سەردانی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، (ئەترووشی) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لەو كاتەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و توركیا دەستی پێ كردووە، رۆژ بەڕۆژ بەهێزتر بووە، ئەگەر هەندێ جار سستی لەو پەیوەندییە كەوتبێت، لەوانەیە هەندێ هۆكاری ناوخۆیی بێت، سەردانی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان و بە پێچەوانەوە سەردانەكانی پێشووی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، گرینگیی خۆی هەیە، ئەگەر هەندێ كەس بیر لەوە بكەنەوە كوردستان لە جیهانی رۆژئاوا داببڕێنن، ئەوە خەونە و هەتا توركیا پەیوەندیی باشی لەگەڵ هەرێم هەبێت، دەروازەیەكی باشە بۆ گرێدانی هەرێمی كوردستان بە ئەورووپاوە".
قائید میرۆ




