٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ساڵح مەلاعومەر: بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی ئەورووپایە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مامۆستایەكی زانكۆ رایگەیاند، سەردانی سەرۆككۆماری فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان، نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی دیپلۆماسییەوە، لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە. باوەڕیشی وایە کە بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان بە مانای بەرژەوەندییەكانی زیاتری وڵاتانی ئەورووپا دێت.


(د. ساڵح مەلاعومەر)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەردانی سەرۆككۆماری فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان، نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی دیپلۆماسییەوە، لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، نەك تەنیا وەك هەرێم، بەڵكوو وەك وڵاتێك، دیپلۆماسییەتی (سەرۆك بارزانی)ـیش بوو كە توانی كاریگەری لەسەر سەرۆكی فەڕەنسا دروست بكات و بێتە هەرێمی كوردستان".
(مەلاعومەر) گوتیشی: "هەرێمی كوردستان توانیویەتی زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە لە خۆ بگرێت، ئەگەر ئەوانە لەناو هەرێم نەبن، ئەوا روو دەكەنە وڵاتێكی دیكە، وڵاتانی ئەورووپایش لەگەڵ ئەوەنە كە نابێت چیدیكە ئاوارەكان بێن و وەریانناگرن، بە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، هەرێم نەك تەنیا توانیویەتی بەرگری لە مافەكانی خۆی بكات، بەڵكوو بووەتە ناوچەیەكی سەقامگیر بۆ ئاوارەكان، بۆیە لە جیاتی ئەوەی بچنە وڵاتانی جیهان، دێنە هەرێم".
دەشڵێت: "هەرێمی كوردستان بەرەنگاری ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بووەتەوە، كە داعشیش نەك مەترسییە تەنیا بۆ سەر هەرێم، بەڵكوو مەترسییە بۆ سەر هەموو وڵاتانی جیهان و هەڕەشە لە هەموو جیهان دەكەن، بە تایبەتی ئەگەر تەماشای فەڕەنسا بكەین چەندین تەقینەوە لە ماوەی رابردوودا لەو وڵاتە روویان داوە، فاكتەرێكی دیكە ئەگەر ئێمە تەماشا بكەین، ئەو پێكەوەژیانەی ئەمڕۆ لە هەرێم هەیە، لە هیچ وڵاتێكی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، ئەوەیش خۆی لە خۆیدا دەتوانێت پێوەرێكی گرینگ بێت، كە وڵاتانی جیهان پەیوەندییەكی باش لەگەڵ هەرێم دروست بكەن، جا بۆیە بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان بە مانای بەرژەوەندییەكانی زیاتری وڵاتانی ئەورووپا دێت، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە حەكیمانەیەی (سەرۆك بارزانی) وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیڕەوی دەكات، كە بەپێی بارودۆخ و گۆڕانكارییەكانی ئێستای جیهان توانیویەتی پێناسەیەكی زۆر باش بۆ بەرژەوەندییەكانی هەرێم بكات كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی زۆربەی وڵاتانی جیهان یەك دەگرێتەوە".

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار