٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سوپاسالاری پێشمەرگە: سەرۆكی فەڕەنسا لەنێو پێشمەرگە زۆر خۆشحاڵ بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، سەرۆكی فەڕەنسا لە چیای زەرتك لەنێو هێزەكانی پێشمەرگە، زۆر خۆشحاڵ بوو، كە لە نزیكەوە بارودۆخەكە و سەنگەر و ساتر و پێشڕەویی پێشمەرگەی بینی، زۆر باسی قارەمانیەتیی پێشمەرگەی كرد و، دووپاتی كردەوە كە لە پشتیوانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان‌ بەردەوام دەبن.

فەریق (جەمال محەممەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها هاتنی بۆ لای هێزەكانی پێشمەرگە، گرینگ و باش بوو، وەك دەزانین لە ساڵی 2014ـەوە ئەمە دووەمین سەردانی سەرۆكی فەڕەنسایە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پشتیوانییەكی باش بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن فەڕەنساوە هەیە كە یەكێكە لەو وڵاتانەی لە سەرەتای شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش بەشدارە لە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش و، پشتیوانیكردنی كوردستان چ لە رێگای فڕۆكەی ئاسمانی، یاخود لایەنی مەشق و ڕاهێنان و ناردنی چەك و تەقەمی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە دوو ساڵی ڕابردوودا".

فەریق (جەمال) گوتیشی: "سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ لای هێزەكانی پێشمەرگە لە چیای زەرتك بۆ ئەوە بوو، تا لە سەنگەری پێشەوە بارودۆخی ناوچەكە ببینێت، هەروەها هێزەكانی پێشمەرگە پێشتر لە كام خەت بوون و، ئێستا لە كوێن، بۆیە ئێمەیش پێشانمان دان ئەو قۆناغانەی چوونەپێش و، ئەو پلانەی دانران بۆ رزگاركردنی شاری مووسڵ لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە، كە زیاتر لە 500 كم چوارگۆشە هاتووەتە رزگاكردن لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگە، پاشان لەلایەن سەرۆكی فەڕەنسا و شاندەكەی پرسیاری ئەوە كرا كە ئایا كەسانی سڤیل لە ناوچەكە هەبوون یان نا و بۆ كوێ چوونە، دواتریش پاش بینینی خێوەت و كەمپەكانی ئاوارەكانی مووسڵ زۆر كەیفخۆش بوو كە هەرێمی كوردستان بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ هەموو ئەو خەڵكەی لە نێو شاری مووسڵ ڕادەكەن‌ و هانا بۆ كوردستان دێنن".

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان زیاتر گوتی: "سەرۆكی فەڕەنسا زۆر كەیفخۆش و خۆشحاڵ بوو، كە لە نزیكەوە بارودۆخەكە و سەنگەر و ساتر و پێشڕەویی پێشمەرگەی بینی، زۆر باسی قارەمانیەتیی پێشمەرگەی كرد، بۆیە هاتنەكەی بۆ كوردستان و بەرەكانی شەڕ، خۆی پشتیوانیكردنە لە پێشمەرگە‌، هەروەك دووپاتی كردەوە كە لە پشتیوانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان‌ بەردەوام دەبن، لە رووی سەربازی و پێدانی چەك و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنان، وەكو گوتی: پێشمەرگەیش لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش دەكات، هەروەها زۆر خۆشحاڵ بوو بە هەماهەنگیی ئێمە لەگەڵ سوپای حكوومەتی فیدڕاڵ و ئەو هێڵەی پێشمەرگە رزگاری كرد".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار