٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیاسەتوانان: بە گرینگییەوە دەڕواننە هاتنی فڕانسوا هۆلاند لە دەستپێكی ساڵی نوێدا

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- چاودێران و سیاسەتوانان، بە گرینگییەوە دەڕواننە سەردانی (فڕانسوا هۆلاند) سەرۆكی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان و پێیان وایە، سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا گرینگیی خۆی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە فەڕەنسا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییە، مامۆستایەكی زانكۆیش دەڵێ، ئەو پێشوازییەی بەغدا، دەریخست عێراق وڵاتێك نییە فەڕەنسا دڵی پێی خۆش بێت.

دكتۆر (عومەر نوورەدینی)، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەردانكردنی سەڕۆكی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان بە تایبەت لەم كاتەدا كە هەرێمی كوردستان لەشەڕی داعشدایە و ئەمە بۆجاری دووەمە سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە پاریسیش پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بابەخێكی گرینگی هەیە، دەركەوتووە هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی سیاسی هەرچەندە دەوڵەتیش نییە، بەڵام لە ڕووی دیپلۆماسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی دەرەوەدا وەك كارەكتەری سیاسی مامەڵەی دەوڵەتی لەگەڵدا دەكرێت و بایەخی پێ دەدرێت، سەرۆكی فەڕەنسا جەخت لەسەر پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات، لەو شەڕەی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، لەڕووی مرۆڤییەوەیش سەرۆكی فەڕەنسا هاوكاری و كۆمەكی لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ خەڵكی ئاوارە، پشتگیریی فەڕەنسا لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە وەك دەوڵەتێكی زلهێزی جیهان و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییش، سەنگ و قورسایی خۆی هەیە".

(نوورەدینی) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "هاتنی سەرۆكی فەڕەنسا لە دەستپێكی ساڵی نوێدا ئەوەیش دەردەخات هەرێمی كوردستان لە ئەمساڵیشدا وەك ساڵانی رابردوو سەنگێكی دیپلۆماسیی بەهێزی دەبێت لە جیهاندا، ئەگەر خوێندنەوە بۆ هەڵوێستی پێشووی فەڕەنسا لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و گوتاری فەڕەنسا بڕوانین، ئەوەی تێڕا دەبینین ئەگەر هەرێمی كوردستان لە ساتەوەختێكی مێژووییدا كوردستان بیەوێ بازنەی فیدڕاڵی بەجێ بێڵێ و بەرەو فۆڕمێكی دیكەی خۆبەڕێوەبردن و سەربەخۆیی هەنگاو بنێ، ئەوە فەڕەنسا وەڵامێكی باش و هەڵسوكەوتی باش لەگەڵ هەرێم دەكات، ئەوەی پێوەندی بە پرسی سەربەخۆییەوە هەیە، ژینگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتان لەسەر ئاستی جیهان لە كاتی پرسی سەربەخۆییدا ددانی پێدا دەنێن و هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكەن".

هاوكات (دڵشاد نامیق)، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێگەی فەڕەنسا لە جیهاندا گرینگە، چونكە یەكێكە لە وڵاتانی خاوەن ڤیتۆ و دەتوانێ شكست بە بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بێنێ، یان دەتوانێ بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەهێز بكات، لە دوای دەرچوونی ئەڵمانیایش، فەڕەنسا سەركردایەتیی یەكێتیی ئەورووپا دەكات و دەستی باڵای هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی یەكێتیی ئەورووپا، لەبەر ئەوە بوونی پەیوەندی لەگەڵ فەڕەنسا واتە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەورووپا، ئێمەیش وەك هەرێمی كوردستان پێویستیمان بە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیموكرات و جیهان بە گشتی هەیە، پەیوەندییەكەیش هەر پەیوەندیی هێز و سەربازی و شەڕ نەبێت، پەیوەندیی تریش لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی هەبێت وەك سەردانەكانی سەرۆك و بەرپرسە ئاست بەرزەكانی جیهان بۆ هەرێمی كوردستان بە نموونەی سەردانەكانی (فڕانسوا هۆلاند) سەرۆكی فەڕەنسا، ئەمەیش بەرهەمی ئێستا نییە، بەڵكوو بەرهەمی خەباتێكی دوور و درێژە، وەك (تیسو) لە یاداشتەكانیدا ئاماژەی بۆ دەكات لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا گەلی كوردستان دڵخۆش بووە بەوەی فەڕەنسا بە شێوەیەك لە شێوەكان پشتگیری لە پێكهاتەكان دەكات".

(نامیق) دەشڵێ: "خاڵێكی دیكەی بەهێزی سەردانەكەی (فڕانسۆ هۆلاند) بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە، ئێستا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە دەوڵەتی عێراق، لە دنیایشدا عێراق وڵاتێك نییە دڵیان پێ خۆش بێ و بەرەو شەڕی مەزهەبی دەچێت، لە بەرەی وڵاتێكیش نییە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان و هەموو شتێكیش بە مەزهەبی دابەش كراوە، بۆ نموونە ئەو پێشوازییەی دوێنێ لە بەغدا لە سەرۆكی فەڕەنسا كرا، پێشوازییەك نەبوو لە ئاست پێشوازیی وەزیری خوێندنی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا بێت، جۆرێك لە نیگەرانییش هەیە و دڵیان بە عێراق خۆش نییە، بە پێچەوانەوە لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای هەبوونی قەیرانی دارایی و هەندێ كێشە، هەرێمی كوردستان هیچ نەبێت لە ڕووی پێكەوەژیان و دیموكراسییەوە دەكرێ ببێتە ئەو وڵاتەی لە داهاتوودا پشتی پێ ببەسترێ".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار