٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: هاتنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا پەیامێکی زۆر گرینگە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە، هاتنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ عێراق لەوێیشەوە بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باسی پشتگیریی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان، خۆی لە خۆیدا پەیامێکی زۆر گرینگە و بە پێویستی دەزانێت پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بکرێت، پێش ئەوەی باسی چۆنیەتیی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان بکرێت.

(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی رۆژنامەواینی هاوبەشی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا، لەبارەی گرینگی سەردانی سەرۆکی فەرەنسا بۆ کوردستان بۆ مێدیاكان راگەیاند "(سەرۆک ئۆلاند) دووساڵ لەمەوبەر کە هات بۆ هەولێر دۆخێکی تایبەتی بوو، داعش 30 کیلۆمەتر لێرە دووربوو، ئەو یەکەم سەرۆک بوو کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی "ئەمڕۆ دوای دوو ساڵ و نیو، هەروەکو جەنابی سەرۆکی هەرێمیش ئەمڕۆ ئاماژەی پێکرد، جارێکی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردەوە".

(نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی دا "ئەمڕۆ بە خوێنی شەهیدانی کوردستان دوای ئەوەش بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی توانیمان زۆر لەو سنوورانەی کە داعش داگیری کردبوو، جارێکی دیکە ئازادی بکەینەوە، سەردانی ئەمڕۆی سەرۆکی فەرەنسایش بۆ هەرێمی کوردستان نیشانەی دیسانەوە پشتگیریی فەرەنسایە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق بە گشتی لەم شەڕەی کە ئێستا هەیە، لەو بەرگرییەی ئەمڕۆ هەیە لە دژی تیرۆریستانی داعش".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەش دەدات "ئێمە ئەم سەردانە بەرز دەنرخێنین و سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەش دەکەین کە یارمەتیی هەرێمی کوردستان و عێراقیان داوە، سەردانی ئەمڕۆی سەرۆکی فەرەنسایش هەر لەم چوارچێوەیە جێی بایەخ و پێزانین و سوپاسی گەل و هەرێمی کوردستانە".

(نێچیرڤان بارزانی) گوتیشی: "ئەگەر سەیری هاتنی سەرۆکی فەرەنسا بکەین، خۆی لە خۆیدا پەیامێکی زۆر گرینگە، کە ئەمڕۆ سەرۆکی فەرەنسا دێت بۆ عێراق و لەوێیشەوە دێت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و باسی پشتگیریی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات".

(نێچیرڤان بارزانى) له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانییدا، باسى له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ كرد، كه‌ له‌ رێگه‌ى ویكیلیكسه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ى به‌ نامه‌یه‌كى وه‌زیرى سامانه‌ سرووشتییه‌كان بۆ توركیا كردبوو، له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتى: ''ئه‌وه‌ شتێكى ئاساییه‌ و هه‌رێمى كوردستان بیر له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى و مامه‌ڵه‌ى نه‌وتى بكات.''

گوتیشى: ''ئێمه‌ ته‌نیا قسه‌مان له‌ باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه‌ كردووه‌ و هیچ شتێك له‌ نێوان هه‌ردوولا ئیمزا نه‌كراوه‌.''

سەبارەت بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە شنگال، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی "سیاسەتی ئێمە روونە، ئێمە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەمان کردووە کە پێشتر یارمەتیی خەڵکی شنگالیان داوە بۆ دەربازبوون لە دەست تیرۆریستانی داعش، ئێستایش پێمانوایە پەکەکە لە شنگال فاکتەرێکە بۆ ئەوەی ئەو سنوورە ئاوەدان نەکرێتەوە و سەقامگیری دروست ببێت، بۆیە هیوادارین پەکەکە لە شنگال بکشێتەوە، هەم بەرژەوەندیی پەکەکە لەوەدایە، هەم بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیش لەوەدایە، هەم بەرژەوەندیی خەڵکی شنگال و هەموو ئەو ناوچەیە لەوەدایە پەکەکە لە شنگال بکشێتەوە".

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی سەردانەکانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان و هەبوونی هیوایە بۆ چارەسەری کێشەکان، (نێچیرڤان بارزانی) دەڵێت "بە دڵنیاییەوە هیوایەک هەیە بۆ ئەوەی ئەو مەسەلەیە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت".

ئه‌مڕۆ دووشەممە 2-1-2017، (فرانسوا ئۆلاند) سەرۆككۆماری فەرەنسا گەیشتە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێره‌وه‌ و لە رێوڕەسمێكی فەرمیی و پرۆتۆكۆڵیدا لەلایەن (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی باڵا پێشوازی لێ كرا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار