٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی فەرەنسا ٣٨ تۆن هاوکاریی مرۆیی لەگەڵ خۆیدا هێناوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (فرانسوا ئۆلاند) سه‌رۆككۆماری فه‌ره‌نسا، یه‌كه‌م سه‌رۆكی وڵاتێكی ئه‌ورووپا و جیهانه‌ بۆ جاری دووه‌م دێته‌ هه‌رێمی كوردستان و، لەگەڵ (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێم کوردستاندا کۆ دەبێتەوە.

سه‌ردانه‌كانی له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵی رابردوودا، هاوكاتی ئه‌و شه‌ڕه‌یه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵیانگیرساندووه‌ و فه‌ڕه‌نسایش یه‌كێكە له‌ وڵاته‌ كاریگه‌ره‌كانی ناو هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مەریكا، ئه‌و هاوپه‌یمانه‌تییه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌ندامه‌ تێیدا و له‌ به‌ره‌نگاری چه‌كدارانی داعش رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌ تێكشكاندنیان له‌وه‌ته‌ی په‌لاماری عێراق و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیاندا له‌ ساڵی 2014 وه‌.
لە فڕگەی نێودەڵەتیی هەولێر، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە (فرانسوا ئۆلاند) سەرۆكی فەرەنسا و شاندە یاوەرەكەی دەكات.
سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاش کۆبوونەوەیان سەردانی بەرەیەكی شەڕ دەکەن و هێزەکانی پێشمەرگە و شارەزا سەربازییەکانی فەرەنسا بەسەر دەکەنەوە.

(عەلی دۆڵەمەری)، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، فەڕەنسا ئامانجی ئەوەیە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە عێراق و سووریا نەمێنێت، بۆیە بەشێك لە ئامانجی سەردانەكەی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ كوردستان بۆ ئەو مەبەستەیە و، بڕیاریشە سەردانی ئەو راهێنەرە سەربازییە فەڕەنساییانە بكات كە مەشق بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن، هەروەها یەكێكی دیكە لە ئامانجەكانی سەردانەكەی، بریتییە لە ئاگاداربوون لە دواپێشهاتەكانی شەڕ دژی داعش".
(دۆڵەمەری) گوتیشی: "فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە ھاوكاریكردنی ھێزەكانی پێشمەرگە و، چاوەڕوانیش دەكرێت كە پشتیوانیی بەردەوامی كوردستان بكات، هاوكات جۆری سەردانەكەیش جیاوازە و ئەمە دووەم جارە سەردانی كوردستان دەكات".

کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی لەمێژینەیان هەیە و ئەو وڵاتە رۆڵی دیاری لە دەرکردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هەبوو کە تایبەت بوو بە راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە عێراق، ئامانجیش لە بڕیارەکە پاراستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو لە هەر هێرشێکی حکوومەتی پێشووی عێراق.

لە دوو ساڵ و نیوی رابردووی شەڕی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دژ بە رێکخراوی داعشدا، فەرەنسا لە بواری سەربازییەوە یارمەتیی هەرێمی کوردستانی داوە و چەندین جار چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ناردووە.
لەم سەردانەشیدا، سەرۆکی فەرەنسا ٣٨ تۆن هاوکاریی مرۆیی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و، وەک میدیای فەرەنسا لەزاری بەرپرسانییەوە گواستوویەتییەوە، بەشێکی ئەو هاوکارییە دەوا و دەرمانە و دەیدات بە هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار