فەلاح مستەفا: سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ كوردستان، گرینگ و جێبایەخە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، هاتنی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ كوردستان زۆر گرینگە، چونكە دووپاتكردنەوەی پشتیوانیی فەڕەنسایە بۆ كوردستان و پێشمەرگەیش.
(فەلاح مستەفا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ (فرانسۆ هۆڵاند) سەرۆكی فەڕەنسا، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، هەرچەندە ئەو بۆ خولی داهاتووی سەرۆكی ئەو وڵاتە خۆی بەربژێر ناكاتەوە، بەڵام هاتنی بایەخدارە، چونكە ئەو سەرۆكی فەڕەنسایە و چاوەڕوان دەكەین پەیامی تازەیان بۆ كوردستان پێ بێت".
(مستەفا) گوتیشی: "ئێمە وەك هەرێمی كوردستان هێشتا لە شەڕێكی دەستەویەخەداین لەگەڵ گەورەترین رێكخراوی تیرۆریستیی جیهاندا، بۆیە هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاتری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان دەبێت، چاوەڕوانین سەرۆكی فەڕەنسا و وڵاتەكەیان هەروەك چۆن پشتیوانی كوردستان و پێشمەرگە بوون لە رابردوودا، لە داهاتوویشدا بە هەمان شێوە بن، چونكە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتە لە ئاستێكی زۆر باشدایە".
دەشڵێ: "پرسی تیرۆر و گۆڕانكاری لە ناوچەكە و سەركەوتنی پێشمەرگە، چەند پرسێكی گرینگن كە قسەیان لەسەر دەكرێت، چاوەڕوانین كە بزانین سەرۆكی فەرەنسا چی بۆ كوردستان پێییە".
(فەلاح مستەفا) ئەوەیشی خستە روو: "ئەوە دووەم جارە (هۆڵاند) سەردانی كوردستان دەكات و هاتنەكەیشی وەك سەرۆكی وڵاتێكی زلهێزی جیهان بۆ كوردستان و پێگەی كوردستان گرینگ و جێبایەخە، بەشێكی زۆری وڵاتانیش لە ئاستی دیپلۆماسیدا هەماهەنگی و هاوكارییان لەگەڵ كوردستان هەیە و چاوەڕوانین بزانین دوای سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ لای (سەرۆك بارزانی)، فەڕەنسا چی تازەی لە بەرنامەدایە".
كارزان سەباح هەورامی




