شوان محەممەد: دەزگای هەواڵگریی عێراق فاشیلە.. زانیاریی لەبارەی كارە تیرۆریستییەكانەوە نییە

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی ئەمنی پێی وایە، تەقینەوەكانی رۆژانی رابردووی عێراق ئاماژەن بۆ ئەوەی كە دەزگای هەواڵگریی عێراق، دەزگایەكی فاشیلە و هیچ زانیارییەكی لەبارەی كردەوە تیرۆریستییەكانەوە نییە.
(شوان محەممەد تەها)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تەقینەوەكانی رۆژانی رابردووی شاری بەغدا و هەندێ شاری دیكەی باشووری عێراق، كارێكی نوێ نییە، یەكێك لە هۆكارەكانی رووداوی تەقینەوە و كردەی تیرۆریستی لەنێو شارەكاندا، بۆ لاوازیی دەزگای هەواڵگریی عێراق دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر بێنینە بەرچاوی خۆمان داعش لە كوێوە هێرشی كردە سەر نەجەف، خۆ داعش لەو ناوچەیە شوێنی نییە بۆ خۆحەشاردان و مانەوەیان، تەنیا لە شارەدێیەكی نزیك نەجەف داعشی تێدایە، چوونی داعش بۆ نێو شارەكان و ئەنجامدانی كاری تیرۆرستی، بۆ لاوازیی دەزگای هەواڵگری دەگەڕێتەوە كە زانیارییان نییە لەبارەی رووداوەكانەوە".
ئەو شارەزایە ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "ئەوانەی پێیان وایە دوای كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ داعش لە عێراق كۆتایی دێت، ئەوا كۆتایی نایەت، ئەوە خەیاڵە كە دەگوترێ دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ و پارێزگاكانی دیكەی وەك دیالە و سەڵاحەددین و ئەنبار تیرۆریستانی داعش هەموویان دەكوژرێن یان دەچنە ئەودیوی سنووری عێراق، ئەوە دوورە لە راستییەوە، پێم وایە چەكدارانی داعش خۆیان دەخزێننە ناوچە ئارامەكان تا لە ماوەیەكی دیكەدا دەست بە ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی بكەن، چونكە هەر ئەوە ئامانجی گرووپی تیرۆریستی داعشە و كاریان كوشتن و كاولكارییە".
(تەها) ئەوەیشی خستە ڕوو: "من باس لە گەندەڵیی عێراق ناكەم، بەڵام دەتوانم بڵێم دەزگای هەواڵگریی عێراق، دەزگایەكی فاشیلە، چونكە دەزگای ئەمنی ناتوانێ وەك خۆی كار بكات ئەگەر بێت و دەزگایەكی هەواڵگری پشتگیری نەكات و زانیاریی پێ نەدات، هەر ئەوەی دوێنێ هێرش كرایە سەر خاڵی پشكنینی قادسییە لە نەجەف، ئەوەمان بۆ دەردەخات كە دەزگای هەواڵگریی عێراق هیچ زانیارییەكی نەبووە، چونكە چەندین ساڵە نێو شاری نەجەف ئارامە و دوور بووە لە هێرشی تیرۆریستی".
قائید میرۆ




