زیانەكانی باشیك تۆمار دەكرێن.. تا ئێستایش خاوێنكردنەوەی بەردەوامە

باشیك-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی باشیك ڕایگەیاند، تا ئێستایش خاوێنكردنەوەی باشیك بەردەوامی هەیە و لەگەڵ كۆتاییهاتنی پرۆسەی خاوێنكردنەوەدا، دەست دەكەن بە گەڕاندنەوەی خەڵكی ئەو شارەدێیە.
(زەنوون یوونس)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی خاوێنكردنەوەی شارەدێی باشیك لە پاشماوە و مین و بۆمبی تیرۆریستانی داعش بەردەوامی هەیە و، لەگەڵ كۆتاییهاتنی خاوێنكردنەوە، فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیش دەستبەكار دەبن لە ئاو و كارەبا و ئینجا گەڕانەوەی خەڵكی دەبێت تاوەكو زیان بە هاووڵاتیان نەگات".
(یوونس) دەیشڵێت: "زیانەكانی شارەدێی باشیك لە تێكدان و خراپكردن و سوتاندن بەرێژەی 35 تا 40 لە سەدە و، شارەوانیی باشیك گشت خانوو و شوێنەكانی تۆمار كردووە و، لەگەڵ دەستبەكاربوونی دادگای باشیكیش لە چەند رۆژی داهاتوودا، هاووڵاتیان دەتوانن سكاڵای خۆیان تۆمار بكەن لەبارەی زیانەكانەوە، تاوەكو دادگا رێژەی زیانەكانیان و قەرەبوو دیاری بكات".
بەڕێوەبەری شارەدێی باشیك ئاماژەیشی دا: "هەموو ئەو زیانانەی بە باشیك گەییشتوون تۆمار دەكەین و پێشكەش بە حكوومەت و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دەكەین، تا هاوكاریمان بكەن لە ئاوەدانكردنەوەدا".
شارۆچكەی باشیك كە لە 7-11-2016 لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) هاتە ئازادكردن، 20 كم لە سەنتەری شاری مووسڵەوە دوورە، چەند پێكهاتەیەكیش لە باشیك دەژین لەوانە كوردی ئێزدی و مەسیحی و موسوڵمان و شەبەك، لە سەدا 70ـی دانیشتووانی سەنتەری باشیك كوردی ئێزدین، سەدا 20ـیان مەسیحین و سەدا 10ـیشیان كورد و عەرەبی موسڵمانن.
نەشوان بەرزنجی




