پڕۆژەی قەرزی فەرمانبەران پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگا، داوای پەسەندكردنی پڕۆژەی دانەوەی قەرزی فەرمانبەران لە پاشەكەوتی مووچە، پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەكات.
(سلێمان خالید سلێمان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دوای ئەوەی لە دانیشتنی پێشووی ئەنجوومەندا پڕۆژەیەكی هەمەلایەنەمان پەسەند كرد بۆ ئەوەی قەرزی حكوومەت لە مووچەی پاشەكەوتی فەرمانبەران بدرێتەوە، پڕۆژەكە وەكو پێشنیاز دەدرێت بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، وێنەیەكیش بۆ سەرجەم وەزارەتەكان و پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە ڕەوانە دەكرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاند: "پڕۆژەكە هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ فەرمانبەران تا مانگانە فەرمانبەر لەو پاشەكەوتەی هەیەتی، بتوانێت قەرزی حكوومەت و پارەی ئاو و كارەبا و باج و... هتد بداتەوە و، هیوادارین حكوومەت میكانیزمێكی نوێ بدۆزێتەوە بۆ چۆنیەتیی كارپێكردن بەو پێشنیازە".
نەشوان بەرزنجی




