عێراق ڕۆڵی فەرەنسای لە شەڕی داعشدا بەرز نرخاند

بەغدا-KDP.info- بەغدا و پاریس جەختیان لە پتەوترکردنی پێوەندییە دوولاەنەکان کردەوە و، سەرۆکی فەرەنسا ڕاتگەیاند، بۆ قۆناغی دوای شکستدانی داعش، لە کارکردنمان بۆ هێنانەدی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەردەوام دەبین. هاوکات سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، پرسی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتییان لە عێراقدا خستووەتە بەر باس و فەرەنسا ئامادەیی خۆی نیشان داوە لەو بوارەدا بۆ هاوکاریکردنی عێراق.
پاش کۆبوونەوەیان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (فواد مەعسووم) سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند، سەردانێکی گرینگی ئەنجام دا لە ٢٠١٤دا بۆ کۆکردنەوە و یەکڕیزیی نێودەوڵەتی بەرەی دژ بە داعش.. ئێمە ڕۆڵی گرینگی (ئۆلاند) بەرز دەنرخێنین. سپاسی ڕۆڵ و پشتگیری و پشتیوانی لە عێراق بە گرینگ دەبینین.
گوتیشی، گفتوگۆمان کرد لە زۆر بواردا و، بەردەوام دەبین لە پێوەندیی نێوانمان و پاش کۆتاییی داعشیش فەرەنسا لەو وڵاتانە دەبێ کە لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا ڕۆڵی گرینگی دەبێ.. پرسی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیمان لە عێراقدا خستە بەر باس و فەرەنسا ئامادەیی خۆی نیشان داوە لەو بوارەدا بۆ هاوکاریکردنی عێراق.
هاوکات (فرانسوا ئۆلاند) سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، پێش دوو ساڵ ڕەوشی عێراق گەلێک خراپ بوو، داعش زۆر شوێنی داگیر کردبوون و فەرەنسا لەو چوارچێوەیەدا ڕۆڵی خۆی بینی و هێزەکانمان بۆ شکستدان و ڕاهێنان بە هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە ئەرکی خۆی بەجێ هێنا.
(فرانسوا ئۆلاند) رایشیگەیاند، ئەنجامەکان ئەمڕۆ بەرچاون و زۆر لەو شوێنانە ئازاد کراون. دەچم بۆ هەولێریش تا جەخت لە پێوەندیی نێوانمان بکەینەوە و ئەوەی بەدەست هاتووە بخەینە بەر باس.
گوتیشی، کار دەکەین بۆ ئەوەی ئاشتەوایی لە نێو پێکهاتەکانی مووسڵدا بێنینە کایەوە. لەسەر ئاستی عێراقیش کار دەکەین لە پێناو ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەو وڵاتەدا.
لەوەتەی شەڕی تیرۆر بەرۆکی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووە، ئەمە دووەم جارە سەرۆکی فەرەنسا سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات. وایش بڕیارە هەر ئەمڕۆ، (فرانسوا ئۆلاند) سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆ ببێتەوە و هێزەکانی پێشمەرگە و شارەزا سەربازییە فەرەنساییەکانیش بەسەر بکەنەوە.




