٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەرکووک..ژمارەیەک لەوکەسانەی هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵان دەستگیر کراون

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاوناحییەکانی کەرکووک دەڵێ، دەستمانکردووە بە دەستگیرکردنی خەڵکانێک کە شەوانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵان بۆ تاڵانکردن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەین، ناتوانم بڵێم هەموویان سەر بە لایەنێکی دیاریکراون، بەڵام بەداخەوە خەڵکێکی تێدایە کە رەنگە پێشووتر هێزی ئەمنی بووبێت.

عەمید (سەرحەد قادر)، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحییەكانی كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، لەگەڵ دروستبوونی ئەو رەوشەی شاری كەركووكی گرتووتەوە هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و راستە دیاردەی دزیكردن و هەڵكۆتانە سەرماڵان و رفاندنی خەڵك زیادی كردووە و شەوانە چەكدارەكان هەڵدەكوتنە سەر هاوڵاتیان، بەڵام ئێمە وەك هێزە ئەمینەكان دەستمان بە لێپرسینەوە كردووە و تا ئێستا ژمارەیەك خەڵك لەسەر ئەو بابەتە دەستگیركراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، ژمارەیەك لەوانەی دەستگیرکراون خەڵكی دەرەوەی كەركووكن و دێنە نێو كەركووك بۆ ئەنجامدانی تاوان و هەڵكوتانە سەر ماڵی هاوڵاتیان.

عەمید (سەرحەد قادر) ئاماژەیشی دا، ئەوانەی دەستیانكردووە بە دزی و تاڵان و كوشتن و بڕین خەڵكی جیاوازن  و ناتوانم بڵێم هەمووی سەربە لایەنێكی دیاریكراوە، بەڵام بەداخەوە خەڵكێكی تێدایە لەوانەیە پێشتر هێزی ئەمنیش بووبێت، لەبەر ئەوەش ئێمە وەك پۆلیس و دەزگای ئەمنی بێ جیاوازی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكەین و دەستگیر دەكرێن.
پێوەست بە دەستگیرکردنی داعشان لە نێو کەرکووک و دەورووبەریدا (سەرحەد قادر) گوتی، بەردەوامین لە دەستگیرکردنی خەڵکانێک کە داواکراون یان پێوەندییان بە تیرۆریستانی داعش هەیە.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار