فەرماندەكانی پێشمەرگە: ساڵی 2016، ساڵی سەركەوتنی پێشمەرگە بوو

هەولێر-KDP.info- فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە لە كۆتارۆژی ساڵی 2016ـدا، دواپەیامیان لە سەنگەرەكانی پێشەوە پێشكەش بە خەڵكی كوردستان دەكەن و رایدەگەیێنن، وێڕای لەدەستدانی ژمارەیەك پێشمەرگە و فەرماندەی قارەمان، ساڵی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەیان بەڕێ كرد، بەرپرسی میحوەری شنگالیش دەڵێ، ساڵی 2016 ساڵی ناووبانگی پێشمەرگە بوو لە جیهاندا.
(سەربەست لەزگین)، بەرپرسی میحوەری شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ساڵی 2016 یەكێك بوو لەو ساڵانەی بە هۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە ئێمە ژمارەیەك پێشمەرگە و فەرماندەی قارەمانمان لە دەست دان و شەهید بوون، زۆر شت رووی دا بە دڵی ئێمە نەبوو، بەڵام كۆتاییەكەی بە خێری ئێمە تەواو بوو، لەدەستدانی ئەو هەموو شەهید و برینداربوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بێگومان شتێكی ناخۆش بوو، لە هەمان كاتیشدا گەورەترین گرووپی تیرۆریستی لە جیهان لەسەر دەستی پێشمەرگە شكێندرا و ئەگەر بە هۆی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەوە نەبووایە، تیرۆریستانی داعش رووبەرێكی زیاتر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانیان داگیر دەكرد".
(لەزگین) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "نایشكرێت رۆڵی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە بەرچاو نەگرین كە زۆر هاوكار و پاڵپشتی پێشمەرگە بوون لە ساڵانی پێشوو و ساڵی 2016 بە تایبەت، ئەمڕۆیش كە كۆتاڕۆژی ئەم ساڵە بەڕێ دەكەین، دەتوانم بڵێم ساڵی ناووبانگی پێشمەرگە بووە لە سەرتاسەری جیهاندا و خەڵك شانازی بە هێزی پێشمەرگەوە دەكات، ئەوەش شانازییە بۆ میللەتی كورد بە گشتی و خەڵكی كوردستانیش".
عەقید (ناجی سیامەند)، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ساڵێكی پڕ خۆشی و ناخۆشیمان بەڕێ كرد، ناخۆشییەكەی لەوەدا بوو میللەتی ئێمە بە قەیران و شەڕێكی سەپێندراودا دەرباز بوو و هەندێ رووداوی ناخۆش روویان دا، خۆشیەكەیشی لەوەدا بوو هێزی پێشمەرگە توانی خاكی پیرۆزی كوردستان لە تیرۆریستانی داعش پاك بكاتەوە و ناوچە كوردستانییەكان ئازاد بكەینەوە، لە ساڵی 2016ـدا پێشمەرگە لەگشت میحوەرەكان پێشڕەویی باشی هەبوو و چەندین هێرشی تیرۆریستانی داعشی تێك شكاندن، بە دیدی من ئەگەر هێزێكی وەك پێشمەرگە نەبووایە، هیچ هێزێك نەیدەتوانی بەو شێوەیە رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببێتەوە".
عەقید (ناجی) گوتیشی: "ساڵی نوێ دەبێتە ساڵی دەستكەوتی زیاتر، پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوە ساڵێكی دیكەیان بەڕێ كرد و بۆ ساڵی نوێیش هەر ئامادەین بەرگری لە خەڵك و خاكی كوردستان بكەین، گومان لەوەدا نییە ساڵی2017 دەبێتە ساڵی سەركەوتنی زیاتر لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە و هیچ هێزێك لەمەودوا ئەو توانا و هێزەی نابێت هێرشی سەر كوردستان بكات، چونكە پێشمەرگە پێشتر ئەوەی سەلماندووە هێزی خۆڕاگر و دەستوەشێنە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی ناحەزانی گەلەكەمان".
قائید میرۆ




