٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دربۆ: تا پەكەكە لە شنگال بێت، فەڕەنسا و ئەڵمانیا هاوكاریمان ناكەن

سەرچاوە: KDP.info

شنگال -KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال گوتی، لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا پێیان ڕاگەیاندوون كە بوونی پەكەكە لە شنگال مەترسیدارە و تاوەكو ئەوان لەوێ بن، ناتوانن هاوكاری بكەن بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال، جگە لە ئەوان، ئەمەریكایش داوای لە پەكەكە كردووە ئەو ناوچەیە چۆڵ بكەن.

(قاسم دربۆ) كەسایەتیی دیاری كوردانی ئێزدی و فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمەریكا پەكەكەی ئاگادار كردووەتەوە كە پێویستە شنگال چۆڵ بكەن، بۆیە ئەوان هیچ كارێكیان نەماوە و پێویستە چۆڵی بكەن، (موراد قەرەیلان)ـییش لێدوانێكی داوە و باسی لەوەكردووە ئێمە ئەو ناوچەیە جێ دەهێڵین".

(دربۆ) گوتیشی: "ئێمە ماوەی ١٥رۆژ بوو سەردانی هەر یەكە لە وڵاتانی فەڕەنسا و ئەڵمانیامان كردبوو لەبارەی دۆخی شنگال و، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە گفتوگۆمان كرد و ئەوانیش باسیان لەوە كرد، ئێمە دەستبەرداری ئێوە نابین و هاوكاریتان دەكەین".

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەوان لەبارەی بوونی پەكەكە لە شنگال، (دربۆ) گوتی، باسیان لەوە كرد پەكەكە رێكخراوێكی تیرۆرستییە و بوونی ئەوان لە شنگال مەترسیە و تاوەكو ئەوان لە شنگال بن، هیچ رێكخراوێك ئامادە نییە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارە هاوكاریی ئێوە بكات، بۆیە پێویستە هەر چۆنێك بێت شنگال چۆڵ بكەن.

راشیگەیاند، بە هۆی بوونی پەكەكە لە شنگال، هەموو كارێكی ئاوەدانكردنەوەی شنگال وەستاوە و كەس ناتوانێ هیچ كارێك بكات، بۆیە ئەمەریكا ئەمە قبووڵ ناكات و هەرچۆنێك بێت پێویستە چۆڵی بكەن و هیچ رێگەیەكی دیكەیان نییە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار