لە خورماتوو دیاردەی كوشتن و رفاندن سەری ھەڵداوەتەوە
__2016_12_31_h9m49s46__RM.jpg)
خورماتوو-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو دەڵێ، لەوەتەی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی ئازاد كراون، دیاردەی كوشتن و رفاندن لە خورماتوو سەری ھەڵداوەتەوە، كە هەمان ئەو چەكدارانەن ئەو كارە دەكەنەوە.
(فارووق ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەیەك بوو دیاردەی كوشتن و رفاندن و برینداركردن كەمی كردبوو، ئەمەیش دوای ئەوەی كە ئەو چەكدارانەی حەشدی شەعبی كە لەو شارە ئەو كارەیان ئەنجام دەدا، دەستگیر كرابوون، بەڵام دوای ئازادكردنیان جارێكی دیكە ئەو دیاردەیە سەری ھەڵداوەتەوە، كە تەنیا لە حەفتەی رابردوودا نزیكەی چوار حاڵەتی كوشتن و رفاندن و برینداركردن لەو گەڕەكانەدا ڕوویان داوە كە حەشدی شەعبی تێیاندا دەستەڵاتدارن".
(ئەحمەد) گوتیشی، ئەو كەسانە پێشتر گومانلێكراو بوون، بۆیە ئێستایش رەنگە ھەر ئەو كەسانە بن ئەو كارە ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو ڕوونیشی كردەوە، لەبەر ئەوەی ناوچە كوردییەكان لە خورماتوو لە بندەستی ئەوان نەماون، بۆیە ناوێرن تخوونی كورد بكەون و ترسیان ھەیە، لەبەر ئەوەی كوردەكان خۆیان خۆیان دەپارێزن".
دەشڵێت، ئەو رێككەوتنەی پێشتر لە نێوان كورد و حەشدی شەعبیدا كرابوو، ھیچی جێبەجێ نەكراوە و تەنیا تەقەكردن وەستاوە، ئەگەرنا ھێزەكان تا ئێستاش لە ناوشار ماون.
بڵند ئیبراھیم




