٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان؛ پێویستە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان دەڵێ، پێویستە پەکەکە لە شنگال بکشێتەوە چونکە ئەرکیان تەواو بووە و خۆ ئەگەر پێویست بێ بمێننەوە، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لێ دەکردن، بەڵام لە ئێستادا کە ئەرکیان تەواوبووە پێویستە شنگال چۆڵ بکەن.

(نیعمەت عەبدوڵڵا)، سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "هەرێمی کوردستان لە شەڕدایە لە دژی تیرۆریستانی داعش و پێویستە کێشەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەکرێت بەتایبەت کە ئێستا پەکەکە لە شنگالدا ماون کە دەبوو چۆڵیان کردبا، چونکە ئەرکیان تەواوبووە، بۆیە پێویستە پەکەکە دانوستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و کێشەکە بە دیالۆگ چارە بکرێ، ئاخر ناکرێ پەکەکە ببێتە هۆکاری ئەوەی کە دەڤەری شنگال ئاوەدان نەکرێتەوە بۆیە دەبێ شنگال چۆڵ بکەن، ئێمەیش وەک یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان هەموو هاریکاری سەربازی نێوان پارچەکانی کوردستان بەرزدەنرخێنین هەر لە چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانی و کاتی خۆی کە پەکەکە لە شنگالدا شەڕی داعشی کرد، بەڵام ئێستا کە ئەرکیان تەواوبووە پێویستە شنگال چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبێ.

دەشڵێ، دوای بەجێهێنانی ئەرکی ئەو هێزانەی پەکەکە لە شنگالدا کە تەواوبووە ئێمە سوپاسگوزارین کە شەڕی داعشیان کردووە، بەڵام کە ئەرکیان تەواوبووە پێویستە شنگال چۆڵ بکەن، ئەگەر پێویست بە مانەوەیان بکات ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای مانەوەی لێ دەکردن، بەڵام ئەوە خاکی خۆمانە و ئێمە هەست بەمەترسی دەکەین کە رەنگە مەترسی نێوخۆیی هەبێ، دەرەکی هەبێ، بۆیە پێویستە بەرژەوەندی رەوشی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێ و پەکەکە لە شنگالدا بکشێتەوە.

(نیعمەت عەبدوڵڵا) ئاماژەیشی دا، لە ئێستادا پێویستە پەکەکە لە شنگالدا بکشێنەوە و دواتریش کە ئەرکی هێزەکانی عێراقی و ئەمەریکایش لەسەر خاکی هەرێمدا تەواوبوون ئەوانیش بکشێنەوە، مەترسی ئەوەش دەکرێ کە هەندێ وڵات و لایەن هانی پەکەکە بدەن کە لە شنگال نەکشێنەوە ئەوەیش بۆ نانەوەی پشێوییە و دەیانەوێ کێشە بنێنەوە، بەدووری نابینیم کە هەندێ خەڵک بخوازن کە کێشەی مانەوەی چەکدارانی پەکەکە لە شنگالدا چارەنەکرێ و بیانەوێ بەو رێگەوە کێشە بۆ هەرێم لەگەڵ پەکەکەدا بنێنەوە.

قائید میرۆ

 

 

 



 

هەواڵی پەیوەندیدار