٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەد کەمال: چەکدارانی حزبێكی دیار لە کەرکووکدا خه‌ڵك ده‌ڕفێنن، ده‌كوژن و ماڵ تاڵان ده‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  (محەممەد کەمال) کەشێکی مەترسیدار لە کەرکووکدا ئاشکرا دەکات کە لە لایەن چەکدارانی سەر بە حزبی دیاره‌وه‌، به‌ شه‌وان ماڵی خەڵک تاڵان ده‌كه‌ن و خه‌ڵك ده‌كوژن. وه‌ك ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی له‌ كه‌ركووك ده‌ڵێ، ئه‌وانه‌ن دۆخی كه‌ركووكیان شێواندووە.

بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركووك رەتیشی كردەوە هیچ مەترسییەكی ئەوتۆ هەبێت و داعش بتوانێت هێرش بكاتەوە سەر شاری كەركووك. دەشڵێ، ئه‌گه‌ر مه‌ترسیێكیش هه‌بێ ئه‌وا چەكدارانی سەر بە حزبێكی دیارن له‌و شاره‌ و دەستیان داوەتە كوشتن و رفاندنی هاووڵاتیانی شارەكە و دزی و تاڵان و بڕین، شەوانە پیشەی هەندێ كەسە و، راستییه‌كه‌ی وای لێهاتووه‌ لە شەواندا كەركووكییەكان خاوەن ماڵ نین.''

(محەممەد كەمال)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌یشی دا كه‌، هەندێ دیمانەی تەلەڤزیۆنی بوونەتە هۆی دورستكردنی دڵەڕاوكێ لەنێو خەڵكی كەركووكدا و یەكێك لەو بەرنامانە دیمانەیەكی نوێنەرێكی بەرەی توركمانی بووه‌تە ئەگەری ترساندنی خەڵك و گوتی، ''هەندی زانیاریی هەواڵگری دزە دەکەنە نێو خەڵک و بەوهۆیەشەوە هەر کۆمەڵە ماڵێک پاسەوانی لە خۆیان دەکەن، نه‌بادا هێرش بکرێتە سەر شارەکە، بەڵام راستییەکەی ئەوەی بەرەی تورکمانی بۆ خەڵک گوتوویەتی وەها نییە، بەڵکو شتێکی دیکە دەگوزەرێ لە کەرکووکدا.''

سەبارەت بەوه‌ی كه‌ كێن ئەو چەکدارانە و کە سەر بە چ لایه‌كن؟ (محەممەد کەمال) دەڵێ، ''زۆربەی چەکدارەکان سەر بە حزبێكی دیارن، رەنگە خەڵکی دیکەش لە شارەکەدا هەبێ کە ئەو کارانە دەکەن، بەڵام 90 لە سەدی هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه‌ گوتم.''

بۆ سه‌لماندنی قسه‌كانی (محه‌ممه‌د كه‌مال) ده‌گێڕێته‌وه‌، ''لەو رۆژانەدا (خالید شوانی) سەردانی بازاڕی کردووە و هاووڵاتییەک لێی پرسیوە: ئەرێ ئەمەی لە کەرکووکدا روو دەدات و خەڵک رووت دەکرێتەوە، هەمووی بە فەرمانی کێیە؟!، ئەویش لەو وەڵامدا گوتوویەتی ئەمە سێیەم کەسە پرسیاری لەو شێوەیەم لێ دەکات.''

دووباره‌ ئاماژه‌ به‌ قسه‌كانی (حەسەن توران)ی بەرەی تورکمانی ده‌داته‌وه‌ كه‌ سەبارەت بە کەرکووک گوتوویەتی و ده‌ڵێ، (توران) نەیتوانییوە پەنجە بخاتە سەر کێشە راستەقینەکە.

(محەممەد کەمال) هه‌روه‌ها نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ کەشێکی وا لە کەرکووکدا خوڵقێندراوە كه‌ بەڕاستی نێوبانگی کوردیان شکاندووە.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار