ئەمەریكا داوا لە پەکەکە دەکات شنگال چۆڵ بکات

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە پەکەکە دەکات شنگال چۆڵ بکات و پێیوایە، کۆسپێکی بەردەم ئاشتەوایی و گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەیە بۆ سەر ماڵوحاڵیان.
(مارک تۆنەر) جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، رۆژی 28-12-2016، لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیدا رایگەیاند "پەكەكە لەلایەن ئەمەریكاوە وەك گرووپێكی تیرۆریستی ناسێندراوە و، پێویست ناكات هیچ رۆڵێكیان لە شنگالدا هەبێت".
گوتیشی "باوەڕمان وایە بوونی پەكەكە لە شنگال كۆسپێكی گەروەیە لەبەردەم ئاشتەوایی و گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئەو كەسانەی ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە، بۆیە دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکات".
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە هەموو گرووپە چالاكەكانی شنگال كرد هەوڵەكانیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتەواییی سیاسی چڕ بكەنەوە، بەمەبەستی رێگەخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان و بنیتانانەوەی ژیانی خۆیان.
ئێستا پێشمەرگە و سوپا عێراق بەیەكەوە لە مووسڵ شەڕی داعش دەكەن، مانگی 10ـی ئەمساڵ بۆ یەكەمجار دوای 25 ساڵ، سەربازانی سوپای عێراق پێیان نایە سەر خاكی كوردستان بۆ گەمارۆدانی مووسڵ، لەبارەی ئەو هاوئاهەنگییە (مارك تۆنەر) گوتی "داوا دەكەین ئەو هاوكارییەی ئێستا لەنێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە بۆ شەڕی داعش، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەش هەبێت".
لەبارەی پشتیوانیی حكوومەتی عێراق لە پەكەكە لە شنگال، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی "ئەو پرسیارە لەخۆیان بكرێت باشترە، بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری، عێراق وەك ئێمە بیر دەكاتەوە و بەباشی نازانن پەكەكە لەو ناوچەیە هەبێت".
لەسەر هەمان پرس، چەند رۆژێك پێش ئێستا (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكیدا لەگەڵ ئەلمۆنیتەر رایگەیاند "روون و ئاشكرایە ئەو كاتەی ئەو رووداوە كارەساتبارە بەسەر ئێزدییەكانی شنگالدا هات، هێزەكانی رۆژئاڤا ـ واتە پەیەدە ـ رۆڵێكی زۆر بەنرخیان گێڕا لەوەی یارمەتیی خەڵكی بدەن و هەتا شوێنی پارێزراو لەگەڵیان بوون. ئێمە پێزانینمان بۆ ئەوە هەیە و سوپاسی ئەو هەنگاوە دەكەین".
گوتیشی "لەم رەوشەی ئێستادا، بوونی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال تەنها سەقامگیریی ناوچەكە تێكدەدات و هیچی تر. بوونی پەكەكە لەوێ رێگرە لەوەی خەڵك بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئەوان دوودڵن لەوەی بگەڕێنەوە، چونكە دەترسن شەڕ و پێكدادانی نوێ روو بدات، نیگەرانن لەوەی چ داهاتوویەكی لێڵ چاوەڕێیان دەكات، واتە ئەوە ئێمە نین (وەك هەندێك لایەن تۆمەتبارمان دەكەن) كە رێگە لە گەڕانەوەی ئەوان بۆ سەر ژیان و ماڵوحاڵی خۆیان دەگرین. ئێمەش وەك ئەو خەڵكە نیگەرانین، بۆیە بە بڕوایەكی تەواوەوە دەڵێین پەكەكە دەبێ شنگال جێبهێڵێت".
سەرچاوە، ڕووداو




