د.سەباح سوبحی: ساغ بووەتەوە کە پەیەدە خۆی بە رژێمی ئەسەد بەستووەتەوە

هەولێر-KDP.info- شارەزای زانستە سیاسییەكان دەڵێ، پەیەدە ستراتیجیەتێكی روونی نییە و خۆی بە رژێمی (ئەسەد)ەوە بەستووەتەوە و خۆیان ساغ كردووەتەوە لەسەر ئەم سیستمە، ئەمەش لەداهاتوودا كاریگەری و زیانی زۆری دەبێت بۆیان.
رووسیا و توركیا پەیوەندییەكی میژووییان هەیە و ئێستایش رووسیا لە هەوڵدایە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە توركیا بۆ لای خۆی رابكێشێت و لە ناتۆی دوور بخاتەوە؛ ڕووسیا كێشەی سووریایشی كردەووەتە هاندەرێك بۆ ئەم بابەتە. بابەتی سەرەكیی كێشەی توركیا كوردە و بابەتی ناسیۆنالیزم چووەتە نێو ئاسایشی نەتەوەییی توركیاوە، هەر وڵاتێكیش كە بیەوێ توركیا رابكێشێت بابەتی كورد لەگەڵ توركیا دەخاتە بەر باس.
وەک (د.سەباح سوبحی) شارەزای زانستە سیاسییەكان و مامۆستای زانكۆ، لەبەر ڕۆشنایی ئەم پێوەندی و گۆرانکاریانەی پێوەست بە دۆخی سووریا لەئارادان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی روون کردەوە: "كوردانی رۆژئاوایش ئێستا بەشێكن لە سیاسەتەكانی توركیا، ئەمەریكاییەكان گوایە بە پێدانی چەك و یارمەتیدانی پەیەدە لە رۆژئاوا شەڕی تیرۆر دەكەن، توركیایش لەبەرانبەردا بەرگریكردن لە فوراتی دەست پێكرد."
(د.سەباح سوبحی) باوەڕی وایە، مەبەست لە رێككەوتنی رووسیا و توركیا و ئێران دوورخستنەوەی كوردە لە هاوكێشەی شەڕی تیرۆر لە سووریا، "چونكە دەزانن بەردەوامبوونی كورد لەم شەڕەدا زیان بە بەرژەوەندییەكانی سووریا و توركیا دەگەیەنێت، وەك بینیشمان توركیا رازی بوو بەوەی بە هەرنرخێك بێت حكوومەتی سووریا حەلەب بگرێتەوە دەست و، هەرچەندی ئاوارە و لە توركیا بكەن ئەو لەخۆیان دەگرێت و، وایشیان كرد."
ئەم شارەزایەی زانستە سیاسییەكان دهشڵێت، "پەیەدە تائێستا ستراتیجیەتێكی روونی نییە لە رۆژئاوای كوردستان، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوانیش لە چەندین لایەن و هێز پێكهاتوون، هەڵەگەورەكەی پەیەدەش ئەوەیە كە تائێستا خۆیان بە رژێمی (ئەسەد)ەوە بەستووەتەوە و خۆیان ساغ كردووەتەوە لەسەر ئەم سیستمە، ئەمەش لە داهاتوودا كاریگەری و زیانی زۆری دەبێت بۆیان. هەڵبەت دەبێ پەیەدە ستراتیجیەتێكی روونی هەبێت بەرانبەر بە یەكگرتنی رووسیا و توركیا و ئێران و سووریا."
(سوبحی) جەختی کردەوە: "توركیا نایەوێت كیانێكی كوردی لە سووریا دروست ببێت، چونكە ئەم كیانە پەیوەندییەكی راستەوخۆی دەبێت بە دۆزی كورد لە توركیا و، پەیەدە چووەتە نێو هێڵەكانی ئێران و بەهۆی هەڵسوكەوتەكانییەوە تائێستا بە میلیشیا هەژمار دەكرێت؛ ئەمەش مەترسییەكی زۆری دەبێت بۆ داهاتوویان و بە كیان هەژمار ناكرێن لەنێو گفتوگۆ نێودەوڵەتییەكان، بەڵکە تەنیا وەكو ئامرازێكی كاتی بەكاریان دێنن. راستییەکەش هەرئەوەیە کە هێزی پەیەدە لەوەدایە تاچەند وڵاتانی دەرەكی بەكاری دێنن بۆ شەرپێكردن."
سەرباز واحد




