ڕۆژئاوای کوردستان له كوێی رێککەوتنی ڕووسیا، توركیا و ئێراندایه؛ كێ له پشتگوێخستنی بهرپرسه؟

هەولێر-KDP.info- پرسیارێکی ئاسان بەڵام وەڵامێکی سەختی دەوێ؟ ئایا بەو سیاسەتەی کە پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستاندا دەیکات، چارەنووسی رۆژئاوا چیی لێ دێ، لەکاتێکدا کە ئێستا رێککەوتنی نێوان تورکیا و رووسیا و ئێران پێوەست بە سووریا بەرەو بهكردهنیكردنه؟، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە هەریەک لە (عوسمان ئۆجەلان) و (حەمید دەربەندی) و (ساڵح ئەحمەد مستەفا) بۆچوونی خۆیان پێوەست بەم رێککەوتنە و چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان و سیاسەتی پەیەدە دەخەنە ڕوو.
رێککەوتنی ئێران و تورکیا و رووسیا
تەنیا حەفتەیەکە هەرسێ وەزیری دهرهوهی ئێران و تورکیا و رووسیا لە مۆسکۆ کۆ بوونەتەوە و پێوەست بە سووریا گەیشتوون بە رێککەوتن و لە ئێستادا رێککەوتنی نێوانیان بەرەو بهكردهنیكردنه دەچێ، وەک چاودێرانی سیاسییش دەڵێن، لە رێککەوتنەکەدا باسی گۆڕانکاری لە سووریادا کراوە بەتایبەت پرسی حەلەب و چۆنیەتیی بڕیاری سێ لایەنی ئێران و تورکیا و رووسیا پێوەست بە سووریا کە جارێ بەهیچ شێوەیەک باسی لادانی (بەشار ئەسەد) نەکرێ. بەگوێرەی هەندێ زانیاریی مێدیایی گوشارێک بۆسەر پەیەدە هەیە کە زیاتر بچێتە پاڵ سوپای سووریاوه و ئەمەش بەو واتایە دێ کە یەکپارچەیی خاکی سووریا لە رێککەوتنەکەدا زۆر تۆخە و چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان بەرەو قۆناخێکی نادیار دەچێ.
(عوسمان ئۆجەلان) کە زۆرترین قسەی لەسەر پەکەکە هەیە و لە جووڵەی سیاسیی ئهو حزبه(پارتی كرێكارانی كوردستان) دەزانێ، پێوەست بە رێککەوتنی سیاسیی ئێران و تورکیا و رووسیا پێوەست بە سووریا و چارەنووسی کورد لە رۆژئاوای کوردستاندا بە ئاماژەیەکی روون دەڵێ، نابێ بڕیار بدرێتە دەستی حزبێک لە رۆژئاوای کوردستان کە پەیەدەیە، چونکە بە نزیکبوونەوەی زیاتری پەیەدە لە رژێمی سووریا ئەوا مەترسی لەسەر چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان دەبێ.
(عوسمان ئۆجەلان) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی شیکردنەوەکەی وەها دا، ''جۆرێک لە رێککەوتن و لێکنزیکبوونەوە لە نێوان ڕووسیا و تورکیا و ئێراندا هەیە لەسەر پرسی سووریا، بە جۆرێک کشانەوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە حەلەب رازیبوونی تورکیایە بەرانبەر بە چوونی بۆ ئەلباب، لەبەرانبەردا گفتوگۆکردن لەسەر لاچوونی (بەشار ئەسەد) سەرۆکی سووریا ببێتە داهاتوو و قسەی لەسەر نەکرێت، گۆڕانکارییەکانی سووریا زۆر خێران، بە جۆرێک لەوە دەچێت ئەمەریکایش قسەی خۆی هەبێت، ئەگەر ئەوەی کراوە لە ئاستی سووریا بێت، ئەوا لە رۆژئاوای کوردستانیش دەکرێت شرۆڤەی تاییبەتی بۆ بکرێت، چونکە دەزانین دەستەڵاتی پەیەدە لەوێ هەیە ئەوانیش خۆیان لە حکوومەتی سووریا نزیک دەزانن، بۆیە گۆڕانکاری لە حکوومەتی سووریادا و هەر رێککەوتنێک بکرێت لەوبارەوە، دەبێت گۆڕانکاری بەسەر ئەوانیشدا بێت، کەوایە ناکرێت چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان، بەدەست حزبێکەوە بریاری لەسەر بدرێت.''
کورد له ڕۆژئاوا چیی لێ دێ؟
(عوسمان ئۆجەلان)، هەمان پرسیارە سەختە دەکات کە دەڵێ، ''کێ گهرەنتیی چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان لە نێو گۆڕانکارییەکانی سووریادا دەکات؟ لە کاتێکدا کەس پێشبینی ئەوەی نەکردبوو ڕۆژێک لە ڕۆژان تورکیا و ڕووسیا رێککەون، ئێستایش دیار نییە چ بڕیارێک لەبارەی داهاتووی رۆژئاوای کوردستانهوه دەدرێت، کاتی خۆی دەمانگوت با کورد لە رۆژئاوای کوردستاندا کیانێکی هەبێت و دوور بێت لە دامەزراوەی حزبی، چونکە تۆ کیانێکت هەبوو وەک حکوومەت و هەرێمی کوردستان کە چۆن خۆی کردە واقع، ئاوایش دەبوو لە رۆژئاوای کوردستاندا خۆیان بکردایەتە واقع و ئهوكات کەس نەیدەتوانی بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام ئێستا هێزە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان ناکۆکن، پەیەدە هەموو شەرعیەتی دامەزراوەکانی لەخۆیدا کۆ کردووەتەوە و دیار نییە لەسەر چ بنەمایەک ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەبات، سووریا چۆن لە داهاتوودا مامەڵەی لەگەڵ دەکات ئەمانە پرسیارن دەبێت خۆیان وەڵامی بدەنەوە".
(عوسمان ئۆجەلان) بیری هەموو لایەک دێنێتەوە کە، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشووتر رێککەوتنی لەنێوان هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، ئەوکاتە پەیەدە و بەشێک لە لایەنگرانی پەکەکە لەوە نەگەیشتن کە بۆچی ئەم رێککەوتنە کرا؟ نەیانپرسی و جێبەجێیان نەکرد، لە کاتێکدا ئەگەر بێتو رێککەوتنێکی هەرێمی نێودەوڵەتی هەبێت لە رۆژئاوای کوردستاندا چۆن و بە چ شێوازێک بتوانین رووبەڕوویان ببینەوە؟ ئاخر خۆ ناکرێت پەکەکە یان پەیەدە بریار بدات و ئەوانی دیکەش باجەکەی بدەن!؛ دەبێت کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاگادار بێت لەو پیلانانەی کە ئامادە کراون لەو گۆڕانکاریانەیش کە دەکرێن.''
قسە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکرێ
قسەکردن لەسەر یەکپارچەییی خاکی سووریا بەشێکی نێوەڕۆکی رێککەوتنی رووسیا و ئێران و تورکیایە، هەروەک (حەمید دەربەندی) نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، گۆڕانکاری لە سووریا بە ئاراستەیەکی زۆر خێرادا دەڕوات، وا خهریكه رێککەوتنی تورکیا و ڕووسیا و ئێران پێوەست بە سووریا بەرەو قۆناغی بهكردهنیكردنی خاڵهكانی نێو ڕێككهوتنهكهیان دەچێ، بە جۆرێک کشانەوەی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب ئەگەر رێککەوتن نەبوایە ئەنجام نەدەدرا، ئیستایش قسە لەسەر یەکپارچەییی خاکی سووریا دەکرێ، هاوکات تورکیایش لە دەوروبەری ئەلبابە، لێرەوە ئەگەر هاتوو سەرتاپای سووریا وەک یەک پاکێج مامەڵەی لەگەڵ کرا، ئەوکاتە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان چی؟.
بەرەیەکی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان دروست نەکرا
گەڕانەوە بۆ خاڵێک کە کارتێکی بەهێزی دەستی رۆژئاوای کوردستان بوو، ئەگەر لەکاتی خۆیدا لایەنە سیاسییەکانی کورد لە رۆژئاوادا جێبەجێیان کردبا، ئەویش بریتی بوو لە دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیی کورد، ئەم بەرەیە بۆ کاتی ئێستا گهرەنتیکردنی چارەنووسی سیاسیی کورد بوو لەو پارچەیهی کوردستاندا، بەڵام بەهۆی سیاسەتی قۆوخکاریی پەیەدە و رێگریکردن لە ئەنەکەسە ئەم دەرفەتە سیاسییە لەبار چوو، پێوەست بەم پرسەیش، (حەمید دەربەندی) دەڵێ، "ئێمە پێشووتر قسەمان لەسەر ئەوە کردووە کە کورد یەکدەنگ بێت لە رۆژئاوای کوردستان و، سەرجەم هێزە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەیەکەوە بڕیار بدەن ئاخر تۆ بڕیار وابێت چارەنووسی پارچەیەکی کوردستان بەدەستەوە بێت دەبێت هاوبەشی بکرێت، کاتی خۆی پرسیارمان دەکرد کوا ئەو پێوەندییە نێودەوڵەتییە بەهێزەی ڕۆژئاوای کوردستان و وڵاتانی جیهان؟ وڵاتانی جیهان چۆن دەڕواننە پرسی رۆژئاوای کوردستان؟ کوا ئەو ستراتیژیەتە بەهێزەی لەو پارچەیهی کوردستان بونیاد نراوە؟ دواتر لە ئاستی حکوومەتدا کاتی خۆی گوتمان لە کوردستان بەرەی کوردستانی هەبوو بەو هەموو کەموکورتییەوە کە هەیبوو، بەڵام گرینگ بوو، چونکە پێکەوە حزبەکان بڕیاریان دا هەڵبژاردن بکرێت، دواتر حکوومەت دروست کرا و پەرلەمان پێکهێنرا. کوردستان خۆی کردە ئەمری واقع لە ناوچەکەدا و، باشتر لەوەش پێکەوە بە باش و خراپ بڕیاریان لەسەر شتەکان دا، بۆیە کاتی خۆی گوتمان با لە رۆژئاوای کوردستانیشدا بەرەیەکی سیاسی دروست بکرێت و پێکەوە بڕیار بدهن لە هەڵبژاردن و دروستکردنی حکوومەت و دامەزراوەی شەرعی، بەڵام ئەمەیان نەکرد و پەیەدە هەڵسا خۆی هەڵبژاردنی کرد و دواتر تاكلایهنه سیستمی کانتۆنهكانی راگەیاند!، ئەمانە وا دەکات دواتر بپرسین ئێمە چیمان کردووە لە رۆژئاوای کوردستان؟.''
(دەربەندی) ئاماژەیشی دا: "پێکهاتەی سووریا وایە کە تۆ دەبێت بازرگانیی بەهێزت ههبێت، چونکە سنوورت عێراق و تورکیایە، بەڵام دەپرسین: لە رۆژئاوای کوردستاندا کوا ئابووریی بەهێز، کوا دەرگای بازرگانیی نێودەوڵەتی؟، ئەگەر هاتوو سبەی رێککەوتنی تورکیا و ئێران یان سووریا تورکیا جێبەجێ کرا، بۆ داخستنی دەروازەی سنووری یان تەنیا بازرگانی لەنێوان دوو دەوڵەتدا بکرێت، ئێمە چی؟".
دیسان وهبیر دێنێتهوه كه ''لەکاتی خۆیدا گوتمان رێککەوتنی هەولێر یەک و دهۆک یەک و دوومان کرد بە چاودێریی (سەرۆک بارزانی) لەنێوان پارتەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا، خەڵکانێک هەبوون لەوە نەگەیشتن، بەڵام ئێستا دەردەکەوێت سوودی ئەو رێککەوتنانە چیی بوو و بۆچی دەمانگوت پێکەوە بڕیای هاوبەش لە ڕۆژئاوای کوردستان بدەن.''
رەهەندێکی دیکەی رێککەوتنەکە ئابوورییە و پەیەدە چیی دەکات؟
بەگوێرەی شارەزایانی سیاسی و نێودەوڵەتی بۆ چارەنووسی کورد لە سووریادا، دەبێ گەلی کورد بڕیار بدات نەوەک حزبێکی سیاسی، چونکە بەهۆی سیناریۆکانی پەیەدەوه لەگەڵ رژێمی سووریادا، پێشوەختە دەخوێندرێتەوە کە پەیەدە بەرژەوەندیی رژێمی سووریا دەپارێزێ نەک خەمی پارێزگاریکردن بێ لە پاشهڕۆژی رۆژئاوای کوردستاندا. هەروەک (ساڵح ئەحمەد مستەفا)، پارێزەر و پسپۆری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''رێککەوتنی تورکیا و ئێران ڕووسیا جگە لە لایەنی نێودەوڵەتی هەندێک بواری ئابوورییش لەخۆ دەگرێ، چونکە لە دەرەوەی رێککەوتنە فەرمییەکان، تورکیا بیری لەوە کردووەتەوە بەهۆی شەڕی سووریاوە زیانێکی ئابووریی گەورەی بەرکەوتووە، بۆیە لە ڕووی ئابوورییەوە چاوەڕوان دەکرێ هەرسێ وڵاتی رووسیا و ئێران و تورکیا، پرسێکی ئابووری بە دوای رێککەوتنەکەدا بێنن و وا بڕیاریان دابێ کە بۆیان هەبێ بڕیار لە باری ئابووریی سووریا بدەن. ئەوەی کە جێگەی پرسیارە ئهوهیه كه ئابووری رۆژئاوای کوردستان چی؟ دەبێ پێشووتر وەڵامی ئەو پرسیارە درابێتەوە، چونکە چۆن باشووری کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە توانیویەتی رێگای نێودەوڵەتی بکاتەوە و ئامادەشە نەوتی خۆی بباتە بەندەرە نێودهوڵهتییهکانی جیهان، دەبێ لە ڕۆژئاوای کوردستانیشدا ئاوابێت، بەڵام بەم سیاسەتی پەیەدە و بەم شێوەیە نابێ.''
ئهو پسپۆڕهی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان زۆرتر لهوبارهوه دوا و لهسهر ئهو باوهڕهیه، ''بۆ دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت دەرچەیەک هەبێت بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کار بکرێت کە مافیان نەخورێت، ههڵبهت ئەمەیش لە رێگای سیاسەتی حزبێکەوە نابێ، دەبێت گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات نەک تهنیا هێزێکی سیاسی. ئێستا دەپرسین: پەیەدە كه لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ سووریا بووەتە هاوپەیمان و، لە هەندێک شوێندا بەشێوەی سیناریۆئامێز باس دەکرێت شەڕ لەگەڵ سووریادا دەکات و لە هەندێک شوێنیشدا پارێزگاری لە دامەزراوە ئەمنییەکانیان دەکات، كه وایکردووە تا دێ گومان لەسەر پەیەدە زۆرتر دەبێ بەوەی دەیەوێت پارێزگاری لە چارەنووسی (بەشار ئەسەد) دەکات؟.''
کارزان سەباح هەورامی




