نوێنەرێكی مەسیحییەكان: خەڵكی ئێمە تێگەییشتوون و بڕیار دەدەن لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا بن

ھەولێر-KDP.info- نوێنەرێكی مەسیحییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، مەسیحییەكان ھەمیشە لە ژێر دەستەڵاتی عێراق زوڵمیان لێ كراوە، بۆیە كاتی ئەوە ھاتووە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ناوچەكانیان بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی تاكە شوێنی ئارام بۆ مەسیحییەكان، ھەرێمی كوردستانە.
(وەحیدە یاقۆ ھورمز)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كوردستان جێگەی ئاشتی و پێكەوەژیانە، ئەمەیش ھەمووی بۆ سیاسەتی حەكیمانەی (سەرۆك بارزانی) دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی بەردەوام ھەوڵی پاراستنی ھەموو پێكھاتەكانی داوە بەبێ جیاوازی، دیاریش بوو لە دوای ھاتنی داعش بۆ ناوچەكانی ئێمە، جگە لە ھەرێمی كوردستان ھیچ لایەنێك دەرگای بە ڕووی ئێمەدا نەكردەوە، ئەوەیش لەسەر راسپاردەی (سەرۆك بارزانی) بووە، بۆیە ئێستا ئەو خەڵكە بە ئارامی یادی بۆنە ئایینەكانی خۆیان دەكەنەوە".
(وەحیدە یاقۆ هورمز) گوتیشی: "داوا لە ھەموو لایەنەكان دەكەین وەكو پێكھاتەی مەسیحی كە بەپیر پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە بچن و بیكەنە بنەمایەك بۆ چارەكردنی ھەموو كێشەكانی ھەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی دەرفەتێكی زێڕین و مێژوویی بۆ گەلی كورد رەخساوە تا بەرەو دەوڵەتبوون بچین و كوردیش بە ئاواتی خۆی بگات".
نوێنەری مەسیحییەكان لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند، بەڕێوەچوونی یادی مەسیحییەكان لە بەرتلە كە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە لە دەستی داعش رزگار كراوە، تەحەددایەكی داعش و دەرفەتێكە بۆ مەسحییەكان كە داوای گەڕانەوە بۆ سەر ھەرێمی كوردستان بكەن، لەبەر ئەوەی لە كاتی تەنگانەدا تەنھا ھەرێمی كوردستان بە ھانای ئەوانەوە چووە.
نوێنەرێكی مەسیحییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: "(سەرۆك بارزانی) رێگەی بە خەڵكی ناوچەكە داوە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بۆیە مەسیحییەكان ماوەیەكی زۆرە لەژێر دەستەڵاتی بەغدادا جگە لە زوڵم ھیچی تریان نەبینیوە، ئارامیی ئەوانیش تەنھا لە ھەرێمی كوردستانە، بۆیە خەڵكی ئێمە تێگەییشتوون و بڕیار دەدەن لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا بن".
بڵند ئیبراھیم




