٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

حزبی دەعوە لە هەوڵدایە مالیکی نەبێتەوە ئەمینداری گشتی

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، (مالیكی) پێگەی خۆی لەدەست داوە و بە هۆی سیاسەتەكانییەوە حزبی دەعوەیش پێگەی لاواز بووە، گوتیشی، هەوڵ دەدرێ (مالیكی) نەبێتەوە ئەمینداری گشتیی حزبەكەیان و قسە لەسەر (عەبادی)ـیە.

(د. عەرەفات كەرەم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "(مالیكی) پێگەی خۆی لەدەست داوە، ڕوو بكاتە هەر شارێكی عێراق خەڵكی نەفرەتی لێ دەكەن، چونكە تاوانبارە بە كەوتنی مووسڵ، كوشتارگەكەی سپایكەر كە 1700 كەسی تێدا كوژرا، ونبوونی پارەیەكی خەیاڵی لە بوجەی عێراق و چەندین كەیسی گەندەڵی، بڕینی بەشەبودجەی هەرێم، تێكچوونی پەیوەندییەكانی هەرێم و عێراق، هەروەها حوكمڕانییەكەی ئەو بوو شەڕی مەزهەبی لە عێراق گەیاندە لوتكە؛ بەڵام كاتێك كە دەبینین (مالیكی) تا ئێستایش سزا نەدراوە، واتای ئەوە دەگەیەنێ كە یاسا لە عێراق لەژێر پرسیاردایە و سەربەخۆ نییە و ئەو كەیسانەی سەر (مالیكی) داخراون."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق روونیشی كردەوە: "بە هۆی سیاسەتەكانی (مالیكی)ـیەوە حزبی دەعوە پێگەی لاواز بووە، بۆیە ئەوانیش لە هەوڵدان كە نەبێتەوە ئەمینداری گشتیی داهاتووی حزبەكەیان و زۆرینەیان لە هەوڵدان (عەبادی) بكەن بە ئەمینداری گشتی، چونكە (عەبادی) بە پەیوەندی و گفتوگۆكانی توانیویەتی بەشێك لە كێشەكان چارە بكات، بە تایبەت پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ هەرێم و توركیادا زۆر بەرەوپێش بردووە."
(كەرەم) جەختیشی كردەوە: "ئەگەر (مالیكی) بچێتەوە سەر دەسەڵات، بەبێ گومان عێراق دەبێ بە سێ پارچەوە، چونكە زۆرینەی كورد و سوننەكان دژی سیاسەتەکانی ئەون و دەسەڵاتی ئەو قبووڵ ناكەن، تەنها هەندێك كورد و سوننە نەبن كە بە پاشكۆی (مالیكی) و سیاسەتەكانی ناسراون، پشتگیریی دەكەن، كە ئەمانیش پێگەیەكی ئەوتۆیان نییە."
ئاماژەیشی دا: "لە هەڵبژاردنی دابێ دوو میحوەری سەرەكی لە عێراق بوونیان دەبێت، یەكەمیان كە دەیەوێت دەوڵەتێكی مەدەنی دروست بێت و هیچ دەستوەردانێكی دەرەكی لە عێراق بوونی نەبێت و ئەم حەشدی‌شەعبییە هەڵوەشێتەوە و دەستوەردانەكانی ئێران بوونی نەمێنێت، كە ئێمەیش وەكو پارتی لەم میحوەرەداین. دووەمیشیان میحوەری (مالیكی)ـیە و دەیەوێت هاوشێوەی حزبوڵڵای لوبنانی، عێراق بە حەشدی‌شەعبی بەڕێوە ببات كە خەڵكیش لەو سیاسەتە بێزار بووە و میحوەرێكی بچووكە."

سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار