٢٠١٦، ساڵی سەرکەوتنی پێشمەرگە و کێشانەوەی سنوور بوو

هەولێر-KDP.info- سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە ماوەی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش، لە جیهاندا دەنگی دایەوە و هێزی پێشمەرگە ساڵی (٢٠١٦)ـی وەك ساڵێكی مێژوویی بۆ كوردستان تۆمار كرد. لە بەرەنجامی ئەم سەركەوتنانەیش، سنوورێكی نوێی كوردستانیان دیاری كرد.
ماوەی دوو ساڵ هەرێمی كوردستان كەوتە بەر شاڵاوی هێرشی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، بەڵام بە سەرۆكایەتیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان (مەسعوود بارزانی) و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوکاریی هاوپەیمانان، بە خوێنی شەهیدەكان و دوای جەنگێكی سەخت، تەواوی خاكی كوردستان پاك كرایەوە لە تیرۆریستان و سنوورێكی نوێی كوردستان كێشرا زۆرێک لە سەرۆک و گەورەبەرپرسانی زلهێزان و ولاتانی دنیایش، هێزی پێشمەرگەیان بە هێزی داکۆکیکار لە مرۆڤایەتی وەسف کردووە و گوتوویانە کە ئەم هێزە قارەمانەی کورد لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستانی کرد و ئوستوورەی گەورەترین گرووپی تیرۆریستی لە جیهان شکاند، لە خوارەوە هەندێك لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە دەخەینە ڕوو.
لە (٥-١-٢٠١٦ ) چەند خۆكوژێكی داعش لە میحوەری باشیك بە پشتێنی بۆمبڕێژكراوەوە هەوڵیان دا دزە بكەنە ناو سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە و خۆیان بتەقێننەوە، بەڵام پێشمەرگە ڕێگرییان لێ كرد و هەوڵەكانیان پووچەڵ كردەوە.
لە ( ٩-١-٢٠١٦ ) هاوپەیمانان سێ كاتیۆشایان لە میحوەری مەخموورەوە ئاراستەی بنكەكانی داعش كرد، كە بۆ یەكەم جار بوو ئەو جۆرە كاتیۆشایە بەكار بهێنن.
رۆژی ( ٣-٢-٢٠١٦ ) پێشمەرگە بە هاوكاریی چەكدارانی هۆزە عەرەبەكانی ناوچەكە و فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر گوندی (كودیلە)، كە دەكەوێتە دووریی ١٧ كیلۆمەتر لە رۆژئاوای مەخموور، ئەنجام دا و توانییان ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
رۆژی ( ١٧-٢-٢٠١٦) لە بۆردوومانێكی چەكدارانی داعشدا لە باشووری مەخموور، كە گازی كلۆری تێدا بەكار هێنرا، سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
رۆژی ( ٨-٤-٢٠١٦)، چەكدارانی داعش بە پیلانێك هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لە رۆژئاوای كەركووك و فیرقەی ٦ی سوپای عێراق لە گوندەكانی كەرمردی و خڕبەردان، بەڵام هێرشەكەی داعش تێك شكێندرا و دەیان چەكدار كوژران و بریندار بوون.
رۆژی( ٣٠-٤-٢٠١٦ ) چەكدارانی داعش لە میحوەری خازر ٥٠ هاوەنی ئاڵوودە بە ماددەی كیمیاییان ئاڕاستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە كرد و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەك بریندار بوو، هەمان رۆژ لە میحوەری باشێك هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، سەرەڕای تێكشكاندنی هێرشەكەی داعش، بەڵام دوو پێشمەرگە شەهید بوون.
هەر لە ( ٣٠-٤-٢٠١٦ ) هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوندی بەشیر لە سنووری كەركووك دەست پێ كرد و كۆنتڕۆڵیان كردەوە.
لە ( ١٤-٥-٢٠١٦ ) چەكدارانی داعش بە چەكی قورس سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان بۆردوومان كرد، لە بۆردوومانەكەیشدا ماددەی كیمیاییان بەكار هێنا، كە بە هۆیەوە ١٧ پێشمەرگە بریندار بوون، بەڵام هێرشەكەی داعش تێك شكێنرا.
رۆژی ( ١٨-٥-٢٠١٦ ) دەیان چەكداری خۆكوژی داعش بە پشتێنەی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە ئاسكی مووسڵ. دوای رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ پێشمەرگە، هێرشەكەی داعش تێك شكا و ١١ خوكوژیان پێش گەییشتنیان بە شوێنی دیاریكراو، لەلایەن پیشمەرگەوە كوژراون و تەقێنراونەتەوە، هاوكات سێ پێشمەرگەیش بریندار بوون.
لە ( ٢٩-٥-٢٠١٦) پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی لە میحوەری خازر دەست پێ كرد و توانی ٩ گوندی كوردستانی كۆنتڕۆڵ بكاتەوە.
رۆژی ( ٢٣-٧-٢٠١٦ ) لە میحوەری رۆژئاوای كەركووك گرووپێك چەكداری داعش خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە كرد.
رۆژی ( ١٥-٧-٢٠١٦) لە سنووری قەزای داقوق داعش هێرشی كردە سەر پێشمەرگە، بەڵام هێرشەكە بە شكستی داعش كۆتایی هات.
رۆژی( ١٦-٢٠١٦)، چەكدارانی داعش لە رۆژهەڵاتی شنگال، ناوچەی دۆمیز، قابوسیێ و گرعوزێر هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، هێرشەكان بە تێكشكاندنی داعش و كوژرانی ٦٠ چەكداریان تەواو بوو.
رۆژی ( ١٤-٨-٢٠١٦) پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی ١٢ گوند لە میحوەری گوێڕ-مەخموور دەست پێ كرد، ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و توانرا پردی گوێڕ كۆنترۆڵ بكرێتەوە، كە خاڵێكی ستراتیژی بوو بۆ پەڕینەوەی هێزی پیادە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ.
رۆژی ( ١٧-١٠-٢٠١٦ ) (حەیدەر عەبادی)، ئەو بڕیارەی دا كە هەموو جیهان چاوەڕێی دەكرد، بە یەكەم پێشڕەویی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد.
لە ماوەیەكی كەمدا پێشمەرگە دەیان گوند و چەند كۆمەڵگە و شارۆچكەیەكی سنووری نەینەوای كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە و سوپای عێراقیش توانیویەتی بچێتە نێو شاری مووسڵەوە و تاوەكو ئێستایش ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامە.
رۆژی ( ١٦-١١-٢٠١٦ ) سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، سەردانی باشیكی كرد و كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی ئەو شارۆچكەیەی ڕاگەیاند. لە سەردانەكەیدا بۆ باشیك، (بارزانی) رایگەیاند "نزیكەی تەواوی خاكی كوردستان لە داعش پاك كراوەتەوە".
فایزە كۆیی




