٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی تەندروستی ١٠٠ ملیار دیناری كۆمپانیاكانی دەرمان قەرزدارە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی تەندورستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتەكەیان ١٠٠ملیار دینار پارەی كۆمپنیاكانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی قەرزدارە، لە ئێستایشدا بە ھۆی ئەوەی ئاوارە و بریندارێكی زۆری مووسڵ ڕوویان لە نەخۆشخانەكانی ھەرێم كردووە، گوشارێكی زۆر لەسەر وەزارەت هەیە و كێشەی كەمیی دەرمان دروست بووە.

(د. خالس قادر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "گوشارێكی زۆر بە ھۆی ھاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەوە لەسەر نەخۆشخانەكان دروست بووە، چونكە لە ئێستادا جگە لە ئاوارەكان بریندارێكی زۆریش رەوانەی نەخۆشخانەكانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ چارەسەركردن چ لەوانەی سوپا یاخود خەڵكی سڤیل، بۆیە رۆژانە ژمارەی ئاوارەكان لە زیادبووندایە" .

(قادر) گوتیشی، بە كۆی گشتی لە ئێستادا زیاتر لە ملیۆنێك و٨٠٠ھەزار ئاوارە ڕوویان لە ھەرێمی كوردستان كردووە، ئەمەیش قورساییەكی زۆری دروست كردووە بە تایبەت لەسەر كەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییەكان.

دەشڵێت: "بە ھۆی ئەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و بریندارەكان پێویستییان بە داودەرمانێكی زۆر ھەیە، بۆیە لە ئێستادا گرفتی دەرمانمان بۆ دروست بووە، بەڵام لە ھەوڵی چارەكردنی ئەو گرفتەداین بە تایبەت لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق كە پێویستە ئەوان دەرمانمان بۆ رەوانە بكەن، چونكە ژمارەی ئاوارەكان زیاد دەبێت و جگە لەوەیش رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئەركی ئەوانە ھاوكار بن بە تایبەت لەم وەرزی زستانە و حكوومەتی خۆیشمان ھاوكاریی زیاتری دارایی ئێمە بكات، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی لە بواری تەندروستی ھەن، چارەیان بكەین".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەیش كرد، لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی نزیكەی ١٠٠ملیار دیناری كۆمپانیاكانی دەرمان قەرزدارە كە ھی دوو ساڵی رابردووە .

ئەوەیشی خستە ڕوو: "بڕیارە لەم حەفتەیەدا وەزیری تەندروستیی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات لەبارەی ئاوارەكان و داودەرمان و، ئێمەیش داواكاریی خۆمانی لەبارەی دەرمانەوە پێشكەش دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار