"ھەموو نەوتی خۆیشمان رادەستی بهغدا بكەین، پارە نادەن؛ كەركووك بە نموونە"

ههولێر-KDP.info- بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، پێویستە ھەرێمی كوردستان لەو ھەنگاوانەی لەبارەی سەربەخۆیی ئابووری ناونی، بەردەوام بێت، لەبەر ئەوەی گەڕانەوە بۆ بەغدا زیانی زۆر بە ھەرێمی كوردستان دەگەیێنێت.
(د. رزگار) شارەزا لە بواری نەوت و بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو ئەزموونەی لەگەڵ بەغدا ھەمانە، زەحمەتە ئامادە بێت پارە بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە بكات، بۆیە گەر ھەموو نەوتی خۆیشمان رادەستی ئەوان بكەین، پارە بە ئێمە نادەن" .
ئەو شارەزایە گوتیشی: "ماوەی نزیكەی سێ ساڵە ئێمە ھەوڵ بۆ سەربەخۆیی ئابووری دەدەین و توانیمانە ھەنگاوی باش بنێین و نەوتی خۆمان ھەناردەی دەرەوە بكەین، لە ئێستایشدا ئەو نەوتە جارێكی دیكە رادەستی بەغدا بكەینەوە، زیانی زۆر بە ھەرێمی كوردستان دەگەیێنین".
(د. رزگار) راشیگەیاند، ئەو فراكسیۆنانەی ئێستا باس لەوە دەكەن بگەڕێنەوە بەغدا، شیعەكان رۆژێك وایان لێ دەكەن ددان بە ھەڵەی خۆیاندا بنێن، لەبەر ئەوەی كەركووك بە نموونە بێنینەوە كە ئامادە نییە بوودجەی ئەوان بدات كە سەر بە بەغدایشە.
باسی لەوەیش كرد، پێویستە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە سیاسیەتی خۆی لەبارەی ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری بەردەوام بێت و، سەرچاوەی دیكە بە دەست بێنن وەكو پیشەسازی و كشتوكاڵ و خەڵكیش ئۆقرە بگرێت بۆ ئەوەی بگەینە مافەكانی خۆمان و جارێكی دیكە پێویستمان بە بەغدا نەبێت.
بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت راشیگەیاند، ئەوەی بەغدا دەیكات، یارییەكی سیاسییە بەرانبەر ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی سەرقاڵ بن و ئەوەی لە دەستیاندا ھەیە دەریبێنن، بۆیە پێویستە ھۆشیار بین.
بڵند ئیبراھیم




