د.محەممەد رەووف: دوای داعش کورد و ئەمەریکا قسەی نوێ دەکەن؛ دەرگای ئابووری دەکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان (د.محەمەد رەووف) پێوەست بە پێوهندیی داهاتووی نێوان هەرێم و ئەمەریکا رایگەیاند، بڕیارە ئەمەریکا گۆڕانکاری بکات و هەوڵی جیددی بدات بۆ ئەوەی کەشێکی ئاشتی بخوڵقێنێ و دەرگای وەبەرهێنان و بازرگانی بکاتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر کوردستان دەبێ، چونکە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە کوردستانن. گوتیشی کە دوای داعش کورد و ئەمەریکا قسەی نوێیان دەبێ.
(د.محەممەد رەووف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، دیتگای ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە چوونەپێشدایە و ئەمەش دوای ئیدارەی نوێی ئەمەریکا زیاتر دەبێ، هاوکارییەکانیشی بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێ تا کۆتاییی داعش، ئەو رۆژەی کە ئازادکردنی مووسڵ رادەگەیێندرێ ئەوا قسەیەکی نوێ لە نێوان ئەمەریکا و هەرێمدا دەکرێت، بۆیە پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان خۆی بۆ دوای مووسڵ ئامادە بکات.
(د.محەممەد رەووف) ئاماژەیشی دا، ''تا داعشێک لە مووسڵدا بمێنێ، ئەوا دۆخەکە بەو شێوەیە دەبێ، بەڵام دوای داعش ئەمەریکا چاوەڕوانی شتی نوێیە و لەوەدەچێت لە لایەن خۆیەوە شتی نوێ بێنێتە ئاراوە، بۆ نموونە ئێستا90%ی لێدوانەکانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ئابوورین، بایەخ بە ئابووری ئەمەریکا لە نێوخۆ و دەرەوە دەدات، بۆیە ئەگەر دۆخەکە لە سنووری کوردستان ئارام ببێتەوە کە دەرفەتی باش لە عێراق و کوردستاندا هەیە کەشێکی نوێ دەخوڵقێ و لە سفرەوەش دەست پێناکات، چونکە خۆی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لێرەن وەک ئیکسۆن مۆبیل کە راوێژکارەکەی دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمەش کاریگەری باشی لەسەر دهاتووی نێوان هەرێم و ئەمەریکا دەبێ.''
گوتیشی، ''کە بابەتی ئەمنی و داعش کۆتایی هات، ئەوکات دەتوانین دەرگای ئابووری لە نێوان خۆمان و ئەمەریکا بە شێوەیەکی باشتر و بەهێزتر بکەینەوە.''
(محەممەد رەووف) جەختی کردهوه، دەبێ کوردستان باش خۆی لەگەڵ ئەقڵییەتی ئەمەریکا بگونجێنێ و خۆی رێک بخاتەوە چونکە بڕیارە ئەمەریکا گۆڕانکاری بکات و هەوڵی جیددی بدات بۆ ئەوەی کەشێکی ئاشتی بخوڵقێنێ و دەرگای وەبەرهێنان و بازرگانی بکاتەوە ئەمەش کاریگەری لەسەر کوردستان دەبێ، چونکە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە کوردستانن.''
کارزان سەباح هەورامی




