هەورامی: ترەمپ جیاواز لە بووش و ئۆباما دەڕوانێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، (سەرۆك بارزانی) وەها پێگەیەكی كاریزمایی و دیپلۆماسیی جیهانی و ناوچەیی هەیە، كە دەبێت كورد هەبوونی سەرۆكی هەرێم بە دەرفەت بزانێت بۆ بەرەوپێشبردنی گەلی كورد و كوردستان.
رێكخراوی نیو كوردستان سیمینارێكی سیاسیی ئەكادیمیی لە ژێر ناوونیشانی (هاتنی دۆناڵد ترەمپ و كاریگەری لەسەر هاوكێشە سیاسییەكانی جیهان بە گشتی و كورد بە تایبەتی) بۆ (هێمن هەورامی) ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ساز كرد، كە ژمارەیەك لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان و چاودێر و لێكۆڵەری بوارە جیاجیاكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی ئامادەی بوون.
(هەورامی) باسەكەی خۆی بەسەر چەند تەوەرێكدا دابەش كرد و گوتی: "بۆ ئەوەی لەو گۆشەنیگایەوە بچینە نێو ئەو پرسانەی كە پێوەستن بە هاوكێشە جیهانییەكان و كاریگەریی (دۆناڵد ترەمپ) لەسەر گشت پرسەكان و بە تایبەتی كورد، بۆیە دەچینە سەر ئەو باكگراوندە زانستییەی كە لە چۆنیەتی و چییەتیی دۆكترینەكانی سیاسەتەكانی دەرەوەی ئەمەریكا (ترەمپ تێبگەین). چەند فیگەرێك هەن كە ئێمە لەو گۆشەنیگایانەوە بڕوانینە پرسەكان و لەوێوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئیدارە نوێیە بكەین كە (ترەمپ) سەرۆكایەتی دەكات، ئەوانیش جیهانبینیی (ترەمپ)ـە بۆ هاوكێشەكان كە ئێستا وەكو سەرۆكی هەڵبژێدراو هەیە. هەروەها ئەو جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی ئێستا چۆنە كە (ترەمپ) لە سەرەتای سەرۆكایەتیكردنی دێت و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات و جیهانبینییەكانی (ترەمپ) لە كامە قوتابخانەی ئەمەریكاوی دەبێت".
لە خاڵێكی دیكەدا و لەبارەی ئەوەی كە باوەڕی (ترەمپ) لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە نێو ڕۆژهەڵاتیشدا كورد كامەیە؟، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لە ڕێگای هەڵسەنگاندنێكی زانستییەوە ئەوەی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە كە) هاتنی (ترەمپ) بە شێوەیەكی گشتی هاوكێشەكان ناگۆڕێت، چونكە ئەوەی كە تائێستا تێبینی كراوە ئەوەیە كە (ترەمپ) زیاتر هەوڵی گۆڕانكاری لە نێوخۆی وڵاتەكەی دەدات، بۆیە ئەو بنەمایانەی كە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكادا هەیە تا ڕادەیەك جێگیرن و وەها گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەوەیاندا ناكات، بەڵام لە بەرانبەر ئەمەدا هەموو ئەو سەرۆكە هەڵبژێراوانەی ئەمەریكا كار بۆ ئەوە دەكەن كە جیاوازتر بن لە سەرۆكی پێشووتر، ئەوەیشی كە لە سەرەتای دەركەوتنەكانی (ترەمپ)ـەوە دەبینرێت سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە، كە نە وەك (جۆرج بووش) و نە وەك (ئۆباما) دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، (هێمن هەورامی) تیشكی خستە سەر كورد لەم نێوەندە سیاسییە جیهانییەدا و ڕایگەیاند، لە ئێستادا وەها دەرفەتگەلێك بۆ كورد و بەرەوپێشبردنی دۆزی كورد ڕەخساوە، ئەگەر كورد لەم ساتەوەختەدا نەیقۆزێتەوە، ئیدی نابێت كورد گلەیی لە كەس بكات".
بۆ ئەم پرسەیش بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی هەبوون و كاریزمایی (سەرۆك بارزانی)ـی بە گرینگ وەسف كرد و ڕایگەیاند كە، (سەرۆك بارزانی) وەها پێگەیەكی كاریزمایی و دیپلۆماسیی جیهانی و ناوچەیی هەیە، كە دەبێت كورد هەبوونی (سەرۆك بارزانی) بە دەرفەت بزانێت بۆ بەرەوپێشبردنی گەلی كورد و كوردستان.
سەنگەر هەورامی




