حهمید دهربهندی: پەکەکە و پەیەدە نیگەران مهبن؛ ڕاسته كه ڕۆژئاوای كوردستان بنەمای ئابووری و دیپلۆماسی نییە

هەولێر-KDP.info- (حەمید دەربەندی) شارهزا له کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، پێویست ناکات پارتی یەکێتیی دیموکرات-پهیهده- خۆی لە قسەکانی (نێچیرڤان بارزانی) نیگەران بکات، چونکە كه بناغەیەکی پتەوی حکوومڕانیت نەبێت، دەبێت چاوەڕوانی مەترسی بیت.
دوای قسەکانی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی رۆژئاوای کوردستان کە گوتی (ناکرێت ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە قوربانیی دەستی پەکەکە)، بەرپرسانی پەیەدە و پەکەکە هێرشیکی راگەیاندنیان دەست پێکردووە، (حەمید دەربەندی) كه شارهزایه له کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان و هاوكات نوێنەری سەرۆکی هەرێمه بۆ کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ''خۆ (نیچیرڤان بارزانی) راستی گوتووە؛ ئەو کەسێکی سیاسی و ئیداریشە، باش لەوە تێدەگات کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بنەمای ئابووری و بنەمای دیپلۆماسی و ئاشتەوایی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی دەستەبەر نەکراون، جا بۆیه ناکرێت بە ویستی حزبێک، هەر ڕۆژە و حزبێک كه ڕای پێچهوانهی ههبێ، بخرێتە بەردەم نەشتەرەوە و سزای سیاسیی سیاسییهكان و خەڵک بدرێت و بە ئارەزووی حزبێک پێوەندی لەگەڵ وڵاتاندا ببەسترێت".
(حەمید دەربەندی) گوتیشی: "سووریا چەندان ساڵە مافی گەلی کوردستانی نەداوە، ئێستایش پهیهده ئەوان خۆیان کردووە بە هاوپەیمان و نزیکی ئەوان، ئەی بۆچی خۆیان لە حزبەکانی ڕۆژوواوای کوردستان و حزبە کوردییەکان نزیک ناکەنەوە؟".
ئهو شارهزایهی کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەیشی دا، "(نیچیرڤان بارزانی) زانیویهتی لەکوێوە قسە بکات، بۆیە پێویست ناکات پەیەدە خۆی بێتاقەت بکات".
کارزان سەباح هەورامی




