٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حکوومەتی عێراق زیانلێکەوتووانی کارەساتی هەڵەبجە و کەیسی جینۆساید قەرەبوو ناکاتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  نوێنەرێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لەسەردەمی (مالیكی) پڕۆژەیاسایەك بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی كارەساتی هەڵەبجە و كەیسی جینۆسایدی كوردستان دراوە بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەڵام لەو کات نە (مالیکی) پڕۆژەکەی بۆ پەرلەمان رەوانە کردەوە، نە (عەبادی)ـیش ئێستا پڕۆژەکە دەنێرێتەوە.

 

(د.ئەشواق جاف) نوێنەری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند، لە خولی رابردوودا (مالیكی) سكاڵای لە دادگای فیدڕاڵی تۆماركرد و بڕیارێكی دژی پەرلەمانی عێراق دەركرد بۆ ئەوەی پەرلەمان بۆی نەبێ پڕۆژەیاسا پێشكەش بكات، ئەو مافەی لە پەرلەمانتاران وەرگرتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی دەستوور پەرلەمانتاران بۆیان هەیە یاسا پێشكەش بكەن، ئەو بڕیارە لە دادگای فیدڕاڵ دەرچووە و تەنیا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی كۆمار مافی پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسای هەیە، لە خولی رابردوودا لە لایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی مافی مرۆڤ پڕۆژەیاسایەك پێشكەش بە ئێمە کرا و ئێمەش بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرزمان کردەوە بەڵام بەداخەوە هیچ ئاکامێکی نەبوو.

 

گوتیشی، دوای چەندین نووسراو کە بۆ حکوومەت نێردراوە ئامادەنین کە پڕۆژەکە بگەڕێننەوە پەرلەمان تا پەسەند بکرێ، نە (مالیکی) پڕۆژەکەی رەوانە کردەوە و نە (عەبادی) ئامادەیە بیگەڕێنێتەوە.

 

(جاف) ئاماژەیشی دا، پڕۆژەیاساكە باس لە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی كارەساتی هەڵەبجە دەكات لە سەردەمی رژێمی بەعس، هەروەها قەرەبووكردنەوەی گشت كەیسەكانی جینۆسایدی سەردەمی رژێمی تێدایە، سێجار نووسراوی پشتڕاستكردنەوەمان بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق ناردووە و وەڵامیان نەداوەتەوە.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار