خەسرۆ گۆران: سەرۆکی حکوومەت گوتی، کامەڕێگا باشتر بێت ئەوە دەگرینە بەر

ھەلێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق دهڵێت، کۆبوونەوەی نێوان حکوومەت و فراکسیۆنەکان بەردەوام دەبن و لیژنەیەکیش دروست دەکرێت بۆ ئەوەی ھەماھەنگی لەنێوان ھەردوولادا ھەبێت. ئەگەر پێویستیش بکات شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
(خەسرۆ گۆران) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "کۆبوونەوەی نێوان حکوومەت و فراکسیۆنەکان زۆر باش بوو، لەبەر ئەوەی ساڵ و نیوێکە دابڕانێک ھەبوو لە نێوان حکوومەت و فراکسیۆنەکان هەبووە، بۆیە ئەمە سەرەتایەکە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی دیکە بکرێن و یەکھەڵوێستی لە بەغدا ھەبێت، لە بارەی بەرژوەندییەکانی ھەرێم و زیاتریش باس لەوەکرا چیی بکرێت لە ئایندە."
(گۆران) گوتیشی، سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، کامە رێگا باشتر بێت ئەوە دەگرینە بەر، ئەگەر دەستکەوتی زیاترمان لە بەغدا دەست بکەوێت ئەو رێگایە دەگرینە بەر، گەر کەمتر بێت ئێمە بەو یاسایە پابەند نابین".
(خەسرۆ گۆران) هەروەها دەڵێ، بڕیار درا ھەماھەنگی لەنێوان ھەردوولا ھەبێت و لیژنەیەکیش دروست بکرێت، بۆ ئەوەی ھەماھەنگیی زیاتر ھەبێت لەنێوان حکوومەت و فراکسیۆنە کوردییەکان لەئایندەدا.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دهشڵێت، "ئەگەر پێویستیش بکات شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، بۆیە بەو کۆبوونەوەیە جۆرێک لێکنزیکبوونەوە و متمانە لەنێوان ھەردوولادا دروست بووە، چونکە حکوومەت بە داھات و ژمارە زیانەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ھەرێمی کروردستان ڕوون کردەوە."
بڵند ئیبراھیم




